ئیسرائیل چ زیانێکی بە ژێرخانی ستراتیژیی ئێران گەیاندووە؟ کوێی کردووەتە ئامانج؟

18-06-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گەورەترین هێرشی ئیسرائیل دژی ئێران، دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازییەکان، کۆگەکانی گاز و نەوت و تەلەڤزیۆنی فەرمیی حکومەتی کردووەتە ئامانج. زیاتر لە 200 کەس کوژراون و سەدانی دیکەش بریندار بوون.
 
دامەزراوە ئەتۆمییەکان
 
ئیسرائیل نوێترین هێرشی خۆی دژی ئێران رۆژی هەینیی رابردوو بە شەپۆلێک لە هێرشی ئاسمانیی رێکخراو دەستپێکرد، کە تێیدا بنکە ئەتۆمییەکانی کردە ئامانج و بەشێکی فەرماندە سەربازییەکانی وڵاتەکە و چەندین زانای ئەتۆمی کوشت.
 
پیشەسازیی ئەتۆمیی ئێران زیاتر لە 30 دامەزراوەی هەن، کە بە تەواوی وڵاتەکەدا بڵاوبوونەتەوە و هەندێکیان لە قووڵایی ژێر زەوی دان. بەیانیی رۆژی چوارشەممە، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر دوو دامەزراوەی بەرهەمهێنانی سەنتریفیوج.
 
سەنتریفیوج ئەو ئامێرەیە یۆرانیۆم دەپیتێنێت.
 
نەتەنز
 
هێرشەکانی سەرەتا زیانێکی زۆریان بە گەورەترین ناوەندی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران لە نەتەنز گەیاند، کە نزیکەی 225 کیلۆمەتر لە باشووری تارانەوە دوورە.
 
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم سەرەتا رایگەیاند، هێرشەکان تەنیا زیانیان بە بەشە سەرزەوینییەکەی وێستگەی پیتاندنەکە گەیاندووە. دواتر هەڵسەنگاندنەکەی راستکردەوە و گوتی، "لێدانی راستەوخۆ" لە هۆڵەکانی پیتاندنی ژێرزەمینی دراوە. 
 
وێنەی سەتەلایتی کە دوو رۆژ دوای هێرشەکە گیراوە، شوێن پێی ئامێری قورس و کۆمەڵێک خۆڵ نیشان دەدات کە چاڵەکانیان داپۆشیوە لە سەرووی ئەو شوێنەی کە باوەڕ وایە هۆڵەکانی پیتاندنی لێ دروست کرابێت.
 
ناوەندی تەکنەلۆژیای ئەتۆمیی ئەسفەهان
 
ئەگەری زۆرە کۆگەی سەرەکیی سووتەمەنیی ئەتۆمیی (نزیک لە ئاستی چەک) لە کۆمەڵگەیەکی دەرەوەی پایتەختی دێرینی ئەسفەهان بۆردوومان کرابێت. تائێستا کۆگەکە لە هێرشەکان پارێزراو بووە، بەڵام سوپای ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر ئەو تاقیگەیانەی کە کاریان گۆڕینی گازی یۆرانیۆمە بۆ کانزا، ئەمەش یەکێکە لە قۆناخەکانی کۆتایی دروستکردنی چەک.

 

 

دیمەنی بۆردوومانی ئەمڕۆی ئیسرائیل لە تاران

 
ناوەندی پیتاندنی فۆردۆ
 
تاوەکو بەیانیی رۆژی چوارشەممە، بەهێزترین دامەزراوەی ئەتۆمیی ئێران، فۆردۆ، هیچ زیانێکی بەرنەکەوتووە. ئەم دامەزراوەیە لە قووڵایی شاخێکدا دروستکراوە بۆ پاراستنی لە هێرشەکان. تەنیا سوپای ئەمریکا بۆمبی وای هەیە کە بتوانێت بیگاتێ.
 
کردنە ئامانجی فۆردۆ بۆ هەر هەوڵێک کە بیەوێت توانای دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی ئێران لەناوببات، بنەڕەتییە.
 
چەند دامەزراوەیەکی دیکەی گرنگی ئەتۆمی بێ زیان ماونەتەوە. لەنێویاندا بوشەهر، تاکە وێستگەی ئەتۆمیی کارپێکراوی ئێران و ئەرەک، کۆمەڵگەیەکی پارێزراو کە ماوەیەکی زۆرە گومانی ئەوەی لێدەکرێت بۆ بەرهەمهێنانی پلۆتۆنیۆم دروستکرابێت.
 
ئیسرائیل هەروەها لانیکەم زانکۆیەکی کردووەتە ئامانج کە پەیوەندی بە بەرنامە ئەتۆمییەکانەوە هەیە. لە وێنەیەکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە و لەلایەن نیویۆرک تایمزەوە پشتڕاستکراوەتەوە، دووکەڵی رەش دەبینرێت کە لە کەمپی "پەیمانگای فیزیکی کارپێکراو"ەوە بەرز دەبێتەوە.
 
چەند دامەزراوەیەکی دیکەش لە ناوچەکەدا هەن کە پەیوەندییان بە بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێرانەوە هەیە، لەنێویاندا زانکۆی شەهید رەجایی و زانکۆی تەکنەلۆژیای مالیک ئەشتەر، هەردووکیان لەژێر سزاکانی ئەمریکادان. بەرپرسانی ئەمریکی پێیان وایە، ئەوان بەشداری لە توێژینەوەی دیزاینی کڵاوەی ئەتۆمیدا دەکەن.
 
 
بنکە مووشەکییەکان
 
توانای مووشەکیی ئێرانیش بەهۆی هێرشەکانەوە لاواز بووە. سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، تەنیا رۆژی سێشەممە هێرشی کردووەتە سەر 12 بنکەی هەڵدانی مووشەک و کۆگەی هەڵگرتن.
 
چەند هێرشێکی ئیسرائیل بنکەیەکی مووشەکییان لە کرماشان کردووەتە ئامانج، کە لە وێنەیەکی سەتەلایتیدا کە لە 15ی حوزەیران گیراوە، دەتوانرێت ببینرێت زیان بەر باڵەخانەکانی کۆگەی مووشەک کەوتووە. وێنەی سەتەلایتی هەروەها زیان لە دەروازەی توونێلەکانی دامەزراوە مووشەکییە ژێرزەمینییەکان نیشان دەدات. جگە لە کرماشان، چەندین دامەزراوەی مووشەکیی دیکەش کراونەتە ئامانج.
 
ژێرخانی وزە
 
بەهۆی هەبوونی دووەمین یەدەگی گازی گەورەی جیهان و چوارەمین یەدەگی نەوتی خاو، ئێران یەکێکە لە بەرهەمهێنەرە سەرەکییەکانی وزە لە جیهاندا.
 
لە کۆتایی هەفتەدا، ئیسرائیل ژێرخانی وزەی ئێرانی کردە ئامانج. هێرشی کردە سەر کۆگەی سەرەکیی گازی تاران و پاڵاوگە ناوەندییەکەی نەوت. وەزارەتی نەوتی ئێران رایگەیاند، ئیسرائیل هەروەها بەشێک لە یەکێک لە گەورەترین کێڵگە گازییەکانی جیهانی کردووەتە ئامانج.
 
ڤیدیۆیەک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە و لەلایەن تایمزەوە پشتڕاستکراوەتەوە، ئاگرێکی گەورە نیشان دەدات کە لە کۆگای نەوتی شەهران لە باکووری تاران گڕی گرتووە.
 
ژێرخانی دیکە
 
رۆژی هەینی، ئیسرائیل هێرشێکی کردە سەر فڕۆکەخانەیەکی سەربازی لە شاری تەورێز لە باکووری رۆژئاوای ئێران.
 
دواتر ئێوارەی رۆژی دووشەممە، سوپای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر بارەگای تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران. پێشکەشکارێکی هەواڵ لە پەخشی راستەوخۆدا قسەی دەکرد کاتێک تەقینەوەیەک باڵەخانەکەی هەژاند و دواتر دەنگی شکان و هاوار بیسترا.
 

 

 

ساتی بۆردوومانکردنی چەند هێلیکۆپتەرێکی جەنگیی ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە