رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی عێراق و تورکیا تاوتوێی پێشهاتەکانی جەنگی ئێران و ئیسرائیل و ئامادەکارییەکانی کۆنفرانسی هاریکاری ئیسلامی دەکەن. جەختیان لەسەر هاوئاهەنگیی دیپلۆماسی نێوان وڵاتانی ئیسلامی کردەوە بۆ مسۆگەرکردنی سەقامگیریی ناوچەکە.
رۆژی چوارشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2025، فوئاد حسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی کۆماری تورکیاوە پێگەیشت.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەبارەت بە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە دەڵێت، گفتوگۆ لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی جەنگی ناوچەکە و گۆڕانکاری لە هەڵوێستی هەندێک لە وڵاتان سەبارەت بەو پرسە کرا.
هەروەها، هەردوولا تاوتوێی ئامادەکارییەکانی بەستنی کۆنفرانسی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامییان کرد، کە بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو لە ئیستەنبووڵ بەڕێوەبچێت. جەختیان لە گرنگیی ئەم کۆنفرانسە کردەوە لەبەر رۆشنایی بارودۆخی خێرای هەرێمی و ئەو ئاڵنگارییانەی رووبەڕووی وڵاتانی ناوچەکە دەبنەوە.
هەردوو وەزیر جەختیان لە پێویستیی پتەوکردنی هاوئاهەنگیی دیپلۆماسیی نێوان وڵاتانی ئیسلامیی کردەوە، بە مەبەستی مسۆگەرکردنی سەقامگیریی ناوچەکە و رێگریکردن لە تێکچوونی زیاتری دۆخەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ