رووداو دیجیتاڵ
شێخ سامی ئەبی مونا، رێبەری دروزەکانی لوبنان ئەمڕۆ هەینی، شەڕ و پێکدادانەکانی پارێزگەی سوەیدای باشووری سووریای سەرکۆنە کرد و دژایەتیی خۆی بۆ هەڵوێستی ئەو دروزانەی سووریا راگەیاند کە داوای یارمەتی لە ئیسرائیل دەکەن یانیش داوای جیابوونەوە دەکەن.
ئەبی مونا لە گوتارێکدا گوتی، "ئەوەی لە سوەیدا روویدا، پێشێلکاری و سووکایەتییە بە شکۆمەندی، کرۆکی ئایین و پێکەوەژیان"؛ هەروەها گوتی، پێکدادانەکان "وێنەی [ناوچەی] چیای دروزەکان و وڵاتیشیان شێواند."
رێبەری ئایینی دروزەکانی لوبنان نیگەرانیی خۆیشی دەربڕی لە بەرامبەر "دەستدرێژییەکانی سەر ژنان و منداڵان، چ لە لایەن دەوڵەتەوە کرابن یان هەر لایەنێکی دیکە"؛ هەروەها "تاوانەکانی" لایەنە شەڕکەرەکانی دژی یەکدی سەرکۆنە کرد.
شێخ ئەبی مونا سەرکۆنەی "دەستدرێژیکردنە سەر هۆزەکانی سووریا، لە نێویاندا دەشتەکییەکان"ی کرد؛ گوتیشی: "دەنگە جوداخوازەکان رەت دەکەینەوە؛ هەروەها داواکردنی پاراستن لە ئیسرائیل رەت دەکەینەوە کە لەگەڵ هەر هێرشێکی سەربازی لەژێر ناوی بەرگریکردن لە دروزەکان، گورز لە مێژوو و ناسنامەی ئێمە دەدات."
سەرکردە ئایینییەکەی دروزەکانی لوبنان دژایەتیی خۆی بۆ ئەو کەسانە دەربڕی کە داوای چەکهەڵگرتنی گشتی لە هۆزەکان و هێرشکردنە سەر سوەیدا دەکەن و گوتی، ئەوە "مەترسیی جەنگی تائیفی لێ دەکەوێتەوە کە دەمانخاتە تاریکییەوە و پاساو بە دەستوەردانی ئیسرائیل و تەقینەوەی دۆخەکە لە ناوچەکە دەدەن."
شێخ ئەبی مونا داوای کرد کێشەکانی سوەیدا بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن و حکومەتی سووریا بەرپرسیارێتیی رەواندنەوەی قەیرانەکە لە ئەستۆ بگرێت.
رۆژی 13ی تەممووز، لە سوەیدا شەڕ لە نێوان گرووپە دروزە چەکدارەکان و هۆزە دەشتەکییە سوننە مەزهەبەکان دەستی پێکرد.
دوای ئەوە، هێزەکانی حکومەتی راگوزەری سووریا هەوڵیاندا بچنە نێو شارە زۆرینە دروزەکە بۆ ئەوەی شەڕەکە بوەستێنن، بەڵام دواتر لەگەڵ دەشتەکییەکان دژی دروزەکان کەوتنە شەڕ و پێکدادان.
ئیسرائیل کە بانگەشەی پاراستنی دروزەکانی سووریا دەکات، هێرشی کردە سەر هێزەکانی حکومەتی سووریا.
ئیسرائیل هەروەها دژی ئەوەیە چەکی قورس لە باشووری سووریا و نزیک سنوورەکانی ژێر دەستی خۆی جێگیر بکرێت.
بەرپرسانی ئیسرائیل رایانگەیاندبوو، سوپای سووریا پێش چوونە نێو سوەیدا، هاوئاهەنگی لەگەڵ ئیسرائیل کرد، "بەڵام لێکتێگەیشتنەکەی پێشێل کرد،" چونکە بڕیاربووە چەکی قورس نەباتە نێو شارەکە.
دوای ئەوە، رۆژی چوارشەممە، ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی کردنە سەر سوەیدا و دیمەشق، لە نێویاندا وەزارەتی بەرگری.
پاشان، رێککەوتنێک لە نێوان هۆزە دروزەکان و حکومەتی سووریا راگەیێندرا، لە ئەنجامدا شەڕ وەستێنرا و سوپا لە پارێزگەکە کشایەوە و لێکۆڵینەوە لە پێشێڵکارییەکان دەستی پێکرد.
بەڵام سەرلەنوێ شەڕ لەنێوان دروزەکان و دەشتەکییەکان دروستبووە و تاوەکو ئێستاش لە هەندێ شوێن نەوەستاوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ