رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
بەرزبوونەوەی ئاگر و دووکەڵێکی زۆر دوای بۆردوومانێکی سوپای ئیسرائیل بۆسەر غەززە. وێنە: Bashar Taleb/AFP
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی راپرسییەکی کەناڵی سی ئێن ئێن، گومان و ناڕەزایەتیی ئەمریکییەکان بەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە؛ داواکاری بۆ کەمکردنەوەی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل لە بەرزبوونەوەدایە.
راپرسییەکە دەریدەخات تەنیا 23%ی ئەمریکییەکان پێیان وایە هێرشەکانی ئیسرائیل "پاساویان هەیە."
بەراورد بە راپرسییەکی سەرەتای جەنگەکە کە لە ئۆکتۆبەری 2023 کرابوو، لە راپرسییە نوێیەکەدا پشتیوانیی ئەمریکییەکان بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل 27% دابەزیوە.
ئەم گۆڕانەی لە تێڕوانینی ئەمریکییەکان روویداوە، لایەنگرانی هەموو لایەنە سیاسییەکانی گرتووەتەوە، بەڵام زۆرترینیان ئەوانەن کە دیموکرات یان سەربەخۆن.
لە ساڵی 2023دا 38%ی دیموکراتەکان پێیان وابوو هێرشەکانی ئیسرائیل رەوایەتییان هەیە؛ ئێستا ئەو رێژە دابەزیوە بۆ تەنیا 7%.
لەنێو سەربەخۆکانیشدا لە 45%ـەوە بۆ 14% کەمیکردووە.
سەبارەت بە هاوکارییە سەربازییەکان، رێژەی ئەو دیموکراتانەی پێیانوایە ئەمریکا "زیاد لە پێویست" هاوکاریی ئیسرائیل دەکات، لە 44%ـەوە بۆ 59% بەرزبووەتەوە، واتە تاوەکو دێت ژمارەیەکی زیاتری ئەمریکییەکان پێیان وایە، نابێت بەم قەبارەیە، ئەمریکا پشتیوانیی سەربازی لە ئیسرائیل بکات.
ئەم بۆچوونە بەتایبەتی لەنێو هاووڵاتییانی خوار تەمەن 35 ساڵدا زاڵە کە 72%ـیان پێیان وایە ئەمریکا یارمەتییەکی زیاد لە پێویستی ئیسرائیل دەدات و داوای کەمکردنەوە یان راگرتنی تەواوەتیی هاوکارییەکان دەکەن.
بەگشتی، نیوەی ئەمریکییەکان (50%) پێیان وایە ئیسرائیل "هێزی زیاد لە پێویست"ی لە غەززە بەکارهێناوە. هاوکات 42%ی بەشداربووان دەڵێن ئەمریکا زیاد لە پێویست یارمەتیی ئیسرائیل دەدات لە جەنگەکەیدا، کە ئەم رێژەیەش لە چەند مانگی رابردوودا بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
راپرسییەکە لەنێوان 10 بۆ 13ی تەممووز بە بەشداریی هەزار و 57 کەسی پێگەیشتووی ئەمریکی ئەنجامدراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ