پۆلیسی دووبەی ئەڵماسێکی دەگمەنی دزراو بۆ خاوەنەکەی دەگەڕێنێتەوە

18-08-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی دووشەممە، دامودەزگەکانی ئیمارات رایانگەیاند، پۆلیسی دووبەی باندێکی سێ کەسی دەستگیر کردووە بە تۆمەتی دزینی ئەڵماسێکی پەمەیی زۆر دەگمەن، کە بەهاکەی 25 ملیۆن دۆلارە.
 
پۆلیسی دووبەی روونیکردەوە، ئەوانەی ئەڵماسەکەیان دزیبوو، سێ کەسی وڵاتێکی ئاسایی بوون، زیاتر لە ساڵێک بوو پلانیان بۆ دزیەکەیان دادەنا و هەوڵیان دەدا ئەڵماسەکە بنێرن بۆ وڵاتێکی ئاسیایی.
 
نووسینگەی راگەیاندنی حکومەتی دووبەی ڤیدیۆیەکی پۆلیسی بڵاوکردەوە و تێیدا دووپاتیکردووەتەوە کە دزەکان لە کەمتر لە 8 کاژێردا دەستگیرکراون و ئەڵماسەکەش بۆ خاوەنەکەی گەڕێندراوەتەوە.
 
لە ڤیدیۆکەی پۆلیسدا روونکراوەتەوە، بازرگانێکی ئەڵماس، ئەڵماسە پەمەییەکەی لە وڵاتێکی ئەورووپاوە هێناوەتە دووبەی بۆ ئەوەی لە فرۆشگەی زێڕنگەرییەکەی خۆیدا بیفرۆشێت، لەو کاتەشدا ئەندامانی باندەکە چاودێریی گەیشتنیان کردووە و دواتر وایان لە بازرگانەکە گەیاندووە کە وەک نێوەندگیر بۆ کڕیارێکی دەوڵەمەند قسەی لەگەڵ دەکەن.
 
بە گوێرەی پۆلیسی دووبەی، ئەڵماسەکە بڕوانامەی بێگەردیی لەلایەن یەکێک لە گرنگترین پەیمانگە جیهانییە تایبەتمەندەکانەوە لە بواری پشکنین و پەسندکردنی ئەڵماسدا وەرگرتووە و رێژەی دەستکەوتنی ئەڵماسێکی دیکە بە هەمان تایبەتمەندی لە 0.01% تێپەڕناکات.
 
ئیمارات یەکێکە لە هاوردەکارە سەرەکییەکانی ئەڵماس لە جیهاندا.
 
ڤیدیۆکە ئەوە رووندەکاتەوە کە چۆن باندەکە هەموو رێگەیەکیان بەکارهێناوە بۆ رازیکردنی بازرگانەکە تاوەکو ئەڵماسەکە لە فرۆشگەکەی دەربهێنێت، لە رێکخستنی ژوان لەگەڵی لە خۆشترین هۆتێلەکانەوە تاوەکو دەرکەوتن بە ئۆتۆمبێلی گرانبەها کە بەکرێیان گرتبوو، تاوەکو دەگاتە هێنانی شارەزایەکی بەنێوبانگی جیهانی لە بواری ئەڵماسدا بۆ دڵنیابوونەوە لە کوالێتییەکەی.
 
لە کۆتاییدا باندەکە توانییان بازرگانەکە هەڵبخەڵەتێنن، کە ئەڵماسەکەی هێنابووە ڤێلایەک بە بیانووی نیشاندانی بە پیاوە دەوڵەمەندەکە بۆ کڕینی، بەڵام ئەوان دەرفەتەکەیان قۆستەوە و دەستیان بەسەردا گرت و هەڵاتن.
 
ئیمارات، کە وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە نەوت، شانازی بە ئاسایش و سەقامگیرییەکەیەوە دەکات کە بۆ کەرتی بازرگانی گونجاوە، هەروەها شانازی بە رووبەڕووبوونەوەی تاوانی رێکخراویشەوە دەکات.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە