رووداو دیجیتاڵ
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران دووشەممە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئەو رێڕەوەی بڕیارە ئازەربایجان بە هەرێمی نەخچیڤانەوە ببەستێتەوە و بە نزیک سنووری ئێراندا تێدەپەڕێت، بەرەو ئەرمینیا بەڕێکەوت. پڕۆژەکە بەشێکە لە رێککەوتنێکی ئاشتی کە لە کۆشکی سپی واژۆ کراوە.
پزیشکیان پێش ئەوەی وڵاتەکەی بەجێبهێڵێت، رایگەیاند: "(ئەگەری) بوونی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە ناوچەکە جێگەی نیگەرانییە."
گەشتەکەی پزیشکیان، کە پێشوەختە پلانی بۆ دانراوە، سەردانێکی بۆ بێلارووسیش لەخۆدەگرێت.
پزیشکیان گوتی: "لەگەڵ بەرپرسانی ئەرمینیا باسی دەکەین و نیگەرانییەکانی خۆمانیان پێ رادەگەیێنین."
ئەو رێڕەوە وشکانییە، کە ناوی "رێڕەوی ترەمپ بۆ ئاشتی و خۆشگوزەرانیی نێودەوڵەتی(TRIPP) " لێنراوە، بەشێکە لەو رێککەوتنەی کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا لە واشنتن لەنێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان واژۆ کرا.
بەپێی رێککەوتنەکە، ئەمریکا مافی پەرەپێدانی رێڕەوە پێشنیازکراوەکەی دەبێت، کە ئازەربایجان بە هەرێمی نەخچیڤانەوە دەبەستێتەوە و بە نزیک سنووری ئێراندا تێدەپەڕێت.
ئێران ماوەیەکی درێژە دژایەتیی ئەو رێڕەوە دەکات، کە بە "رێڕەوی زەنگەزوور"یش ناسراوە. تاران ترسی ئەوەی هەیە رێڕەوەکە وڵاتەکەی لە ئەرمینیا و تەواوی قەوقاز داببڕێت، هاوکات هێزی بیانیی "دوژمنکار" لە سنوورەکانی نزیک بکاتەوە.
لەدوای واژۆکردنی رێککەوتنەکەوە، بەرپرسانی ئێران هۆشدارییەکانیان بۆ ئەرمینیا زیاد کردووە و دەڵێن، پڕۆژەکە رەنگە بەشێک بێت لە پلانی ئەمریکا "بۆ جێبەجێکردنی ئامانجە هەژموونخوازییەکانی لە ناوچەی قەوقاز."
رۆژی یەکشەممە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، پڕۆژەکەی بە پرسێکی "هەستیار" ناوبرد و رایگەیاند، نیگەرانیی سەرەکیی تاران ئەوەیە کە "ببێتە هۆی گۆڕانکاریی جیۆپۆلیتیکی لە ناوچەکەدا."
عێراقچی بە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئیرنای گوت: "ئەوان [بەرپرسانی ئەرمینیا] دڵنیاییان پێداوین کە هیچ هێزێکی ئەمریکی... یان کۆمپانیای ئەمنیی ئەمریکی لەژێر بیانووی ئەم رێڕەوەدا لە ئەرمینیا بوونیان نابێت."
لە سەرەتای ئەم مانگەدا، راوێژکارێکی باڵای رێبەری ئێران رایگەیاندبوو، تاران رێگە بە دروستکردنی ئەو رێڕەوە نادات و هۆشداریی دا، کە ناوچەکە دەبێتە "گۆڕستانی بەکرێگیراوانی ترەمپ."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ