رووداو دیجیتاڵ
میسر رۆژی دووشەممە ئامادەیی خۆی بۆ بەشداریکردن لە هێزێکی نێودەوڵەتیی هاوبەش دەربڕی، کە ئەگەری هەیە بە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە کەرتی غەززە بڵاوبکرێتەوە، بەڵام مەرجی ئەوەی داناوە کە پرۆسەکە "ئاسۆیەکی سیاسی" روونی هەبێت. ئەمەش لەکاتێکدایە قاهیرە وەک نێوەندگیر درێژە بە هەوڵەکانی دەدات بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و حەماسدا.
قاهیرە چەندین جار جەختی لە گرنگیی یەکڕیزیی فەلەستینییەکان کردووەتەوە و رایگەیاندووە، پێویستە دەسەڵاتی فەلەستین بە سەرۆکایەتیی رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستین، کە حەماس تێیدا ئەندام نییە، بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە بگرێتە دەست.
رۆژی دووشەممە، بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی میسر و محەممەد مستەفا، سەرۆکوەزیرانی فەلەستین سەردانی دیوی میسری دەروازەی سنووریی رەفەحیان کرد کە هاوسنوورە لەگەڵ کەرتە گەمارۆدراوەکە.
عەبدولعاتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە دەروازەکە رایگەیاند: "بێگومان ئێمە ئامادەین بۆ یارمەتیدان و بەشداریکردن لە هەر هێزێکی نێودەوڵەتیی هاوبەش کە بەپێی پێوەری دیاریکراو لە غەززە بڵاوبکرێتەوە."
روونیشیکردەوە، ئەو پێوەرانە بریتین لە "یەکەم، دەرچوونی بڕیارێک لە ئەنجوومەنی ئاسایشەوە بە پلانێکی روون، هەروەها بە شێوەیەکی سرووشتی، دەبێت ئەمە لە چوارچێوەی ئاسۆیەکی سیاسیدا بێت، بەبێ ئەمە، بڵاوکردنەوەی هەر هێزێک لەوێدا لۆژیکی نابێت."
ئیسرائیل لە مانگی ئابی ئەمساڵدا پلانی بۆ کۆنترۆڵکردنی شاری غەززە پەسند کرد. بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختی کردەوە کە ئامانجیان "داگیرکردنی غەززە نییە، بەڵکو دامەزراندنی ئیدارەیەکی مەدەنییە لە کەرتەکەدا کە پەیوەندیی بە حەماس و دەسەڵاتی فەلەستینەوە نەبێت."
نەتەنیاهوو بە تۆڕی فۆکس نیوزی ئەمریکی گوت: "دەمانەوێت دەسەڵات رادەستی هێزە عەرەبییەکان بکەین کە بەشێوەیەکی کارا غەززە بەڕێوە ببەن، بێ ئەوەی هەڕەشەمان لێبکەن و ژیانێکی باشیش بۆ دانیشتووانی غەززە دابین بکەن."
عەبدولعاتی جەختی کردەوە، دانانی چوارچێوەیەک بۆ کاری هێزە هاوبەشەکە وا دەکات بەشداربووان بتوانن بەشێوەیەکی کاریگەرتر کار بکەن و پشتیوانیی فەلەستینییەکان بکەن "بۆ بەدیهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین لەسەر خاکی خۆیان."
لەلایەن خۆیەوە، محەممەد مستەفا رایگەیاند: "ئەو لیژنەیەی بۆ بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە کە بەمزووانە دوای کۆتاییهاتنی دەستدرێژییەکان رایدەگەیێنین، لیژنەیەکی کاتییە و سەر بە حکومەتی فەلەستین دەبێت." جەختیشی کردەوە کە "قەوارەیەکی سیاسیی نوێ نابێت، بەڵکو دامەزراوەکانی دەوڵەتی فەلەستین و حکومەتەکەی لە غەززە کارا دەکەینەوە."
مستەفا دووپاتیکردەوە، حکومەتی فەلەستین "تاکە لایەنی جێبەجێکارە کە مافی بەڕێوەبردنی کاروباری غەززەی هەیە" و گوتی: "توانای هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییەکانمانی هەیە، ئەمەش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەموو دۆست و براکانمان دەکەین."
پێشتر حەماس پێشوازیی لە پێکهێنانی لیژنەیەکی کاتی کردبوو "بۆ سەرپەرشتیکردنی هەوڵەکانی فریاگوزاری، ئاوەدانکردنەوە و حوکمڕانی"، بەڵام روونی نەکردبووەوە کە ئایا ئامادەیە دەستبەرداری حوکمڕانیی کەرتەکە بێت کە لە ساڵی 2007ـەوە بەڕێوەی دەبات.
بەگوێرەی بەرپرسێکی ئاگاداری فەلەستینی، رۆژی دووشەممە شاندی حەماس لە قاهیرە پێشنیازێکی نوێی لە نێوەندگیرانی میسر و قەتەر وەرگرتووە سەبارەت بە رێککەوتنێک بۆ ئاگربەست لە کەرتی غەززە بۆ ماوەی 60 رۆژ و ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان بە دوو قۆناخ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ