جۆ بایدن: حەماس کارێکی وای کرد داعش ژیرتر دەربکەوێت

18-10-2023
رووداو @Rudawkurdish
دیمەنی ساتی گەیشتنی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بۆ تەلئەڤیڤ و پێشوازیی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل. وێنە: Brendan SMIALOWSKI / AFP
دیمەنی ساتی گەیشتنی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بۆ تەلئەڤیڤ و پێشوازیی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل. وێنە: Brendan SMIALOWSKI / AFP
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سوپاسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات لە بەرامبەر پاڵپشتیکردنی وڵاتەکەی لە کاتە سەختەکاندا. جۆ بایدنیش دەڵێت، "حەماس کارێکی وای کرد، داعش ژیرتر دەربکەوێت."

ئەمڕۆ چوارشەممە 18-10-2023 جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەیشتە تەلئەڤیڤ و دواتر لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل قسەیان بۆ رۆژنامەڤانان کرد.

بنیامین نەتەنیاهو بە جۆ بایدنی گوت، "دەمەوێت سوپاست بکەم لە بەرامبەر ئەوەدا کە ئەمڕۆ هاتوویتە ئێرە؛ هەروەها لە بەرامبەر ئەو پاڵپشتییەی لەم کاتە سەختانەدا پێشکێشی ئیسرائیلی دەکەیت. ئەم پاڵپشتییە، ویستی گەورەی گەلی ئەمریکا پیشان دەدات."

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا لەبارەی هێرشەکەی رۆژی 07-10-2023ی بزووتنەوەی حەماس بۆسەر باشووری ئیسرائیل سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل قسەی کرد و گوتی، "حەماس منداڵانی لەبەردەم دایک و باوکیاندا کوشت؛ هەروەها دایک و باوکیانی لەبەردەم منداڵەکانیاندا کوشت. ئەوان بە زیندوویی خەڵکیان سووتاند، دەستدرێژییان کردە سەر ژنان و کوشتیانن، سەربازانیان سەربڕین و بە شوێن ئەو حەشارگەیانەدا دەگەڕان کە تێیاندا دایک و باوکەکان منداڵەکانیان شاردبوونەوە."

 
جۆ بایدنیش باسی لە سەردانەکەی بۆ ئیسرائیل کرد و گوتی، "ویستم ئەمڕۆ لێرە بم، ئەویش لەبەر یەک هۆکاری روون. دەمەوێت خەڵکی ئیسرائیل و جیهان بزانن هەڵوێستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چییە و لە کوێیە."

سەرۆکی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا رایگەیاند، "حەماس کاری دڕندانەی خراپی وەهای کردووە کە داعش ژیرتر دەربکەوێت."

لەبارەی رووداوەکەی دوێنێی کەرتی غەززەش، کە تێیدا زیاتر لە 500 کەس کوژران، بایدن گوتی، "زۆر خەمبار و تووڕەم لەو تەقینەوەیەی دوێنێ لە نەخۆشخانەکەی غەززە روویدا. بە پشتبەستن بەوەی بینیومە، وا دەردەکەوێت ئەو کارە لەلایەن لایەنێکی دیکەوە، نەوەک ئێوەوە ئەنجامدراوە."

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، ئیسرائیل هەر شتێکی پێویست بێت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆی دابین دەکات بۆئەوەی "بەرگری لە خۆی بکات."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە