بەرگریی شارستانیی غەززە: لە هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر پاسێک 9 فەلەستینی کوژران

18-10-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرگریی شارستانیی غەززە رایگەیاند، تەرمی 9 فەلەستینییان لەناو پاسێکی بۆردوومانکراو دەرهێناوە، ئەندامی یەک خێزانن و رۆژی هەینی لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژراون. لە بەرامبەردا، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، تەقەیان لە ئۆتۆمبێلێک کردووە کە "هێڵی زەرد"ی بەزاندووە.
 
رۆژی شەممە، مەحمود بەسەڵ، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی غەززە بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، "دوای هاوئاهەنگی لەگەڵ نووسینگەی خاچی سوور، تیمەکانمان توانییان تەرمی 9 شەهید لەناو پاسێکی بۆردوومانکراو دەربهێنن، کە دوێنێ لە ئەنجامی کردنە ئامانجی پاسێکی ئاوارەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە لە رۆژهەڵاتی گەڕەکی زەیتوون شەهیدبوون".
 
بەسەڵ گوتیشی، سوپای ئیسرائیل "دوو گولـلە تانکی بە پاسەکەوە ناوە".
 
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی غەززە روونیکردەوە، بەهۆی تووندیی بۆردوومانەکەوە تەرمی دوو منداڵ نەدۆزراونەتەوە و ئاماژەی بەوەشکرد، دەرهێنانی تەرمەکان کارێکی زۆر سەخت بووە.
 
هەروەها گوتی، کوژراوەکان، کە هەموویان لە خێزانی شەعبانن و منداڵیشیان تێدایە، لە کاتێکدا کوژراون کە "هەوڵیانداوە سەردانی ماڵەکەیان بکەنەوە".
 
ئوم محەممەد شەعبان، یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکە گوتی: "کچەکەم و منداڵەکانی و هاوژینەکەی کوژران، لەگەڵ کوڕەکەم و هاوژین و منداڵەکانی". 
 
گوتیشی: "هیچ ئاگربەستێک لە ئارادا نییە"، ئاماژەی بەوەشکرد تەمەنی منداڵە کوژراوەکان لەنێوان دوو بۆ 12 ساڵیدا بووە.
 
لە راگەیێندراوێکی سوپای ئیسرائیلدا هاتووە: "چاودێریی ئۆتۆمبێلێکی گوماناوییان کردووە، کە هێڵی زەردی بەزاندووە"، ئەمەش ئاماژەیە بۆ هێڵی کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لەنێو کەرتی غەززە، کە لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئاگربەستدا لەسەری رێککەوتوون.
 
راگەیێندراوەکەی سوپای ئیسرائیل دەڵێت، دوای تەقەی هۆشداری، سەربازەکان تەقەیان کردووە "بۆ نەهێشتنی هەڕەشەکە"، ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئۆپەراسیۆنەکە "بەپێی بڕگەکانی رێککەوتنەکە" بووە، کە لەنێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسدا کراوە و لە 10ی تشرینی یەکەمەوە چووەتە واری جێبەجێکردنەوە.
 
رێککەوتنەکە کە بە سەرپەرشتیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کراوە، ئامانجی کۆتاییهێنانی یەکجارەکییە بە جەنگی غەززە.
 
لەوەتەی ئاگربەستەکە دەستیپێکردووە، کە سێیەمین ئاگربەستە لەوەتەی شەڕ لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە هەڵگیرساوە، سەتان هەزار فەلەستینی گەڕاونەتەوە باکووری کەرتەکە بۆ ماڵەکانیان.
 
ژمارەیەک لە دانیشتووانی غەززە بە فرانس پرێسیان گوتووە، نەیانتوانیوە شوێنی ماڵەکانیان یان هیچ نیشانەیەکی ناسراو بدۆزنەوە، چونکە گەڕەکەکانیان بە تەواوی بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە لەژێر داروپەردووی باڵەخانە وێرانبووەکاندا ونبوون.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

حاجییان لە مزگەوتی حەرام بە دەوری کەعبەدا تەواف دەکەن. وێنە: Reuters

حەج و عومرەی سعودیە وێنەگرتن لە مزگەوتی حەرام و پێغەمبەر قەدەخە دەکات

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە وەرزی حەجی ساڵی داهاتوودا وێنەگرتن و تۆمارکردنی ڤیدیۆ لە هەردوو مزگەوتی پێغەمبەر (د.خ) لە مەدینە و مزگەوتی حەرام لە مەککە قەدەخە دەکرێت.