رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، لەو رۆژەوەی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەستی پێکردووە نزیکەی 20 هەزار منداڵ لە غەززە لەدایکبوون.
رۆژی هەینی، 19-1-2024، تێس ئینگرام، گوتەبێژی یونیسێف دوای سەردانێکی بۆ غەززە رایگەیاند، "ژنانی دووگیان لەکاتی منداڵبوون بەهۆی خوێنبەربوونەوە گیان لەدەستدەدەن. لە نەخۆشخانەیەک پەرستارێک نەشتەرگەری بۆ شەش ژنی مردوو دەکرد بۆ ئەوەی منداڵەکان لە سکیان دەربهێنێت و رزگاریان بکات."
ئینگرام لە عومان بە چەند رۆژنامەڤانێکی گوت، "لە غەززە، لە دوای دەستپێکردنی جەنگەوە لە هەموو 10 خولەکێک منداڵێک لەدایکبووە."
گوتەبێژەکەی یونیسێف دەڵێت، منداڵبوون ئاهەنگ و شادیی پێویستە کەچی لە غەززە بریتییە لە "هێنانی منداڵێکی دیکە بۆنێو دۆزەخ."
ئینگرام باسی چیرۆکی چەند ژنێک کرد و گوتی، "مەشایل یەکێک بوو لەو ژنە دووگیانانەی کە خانووەکەیان بۆردوومانکرا و هاوژینەکەی کوژرا، منداڵەکەی سکی بۆ ماوەی حەوت رۆژ لە جووڵە کەوت."
مەشایل بە بەرپرسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکانی گوتووە، "دوای مانگێک ئینجا زانیم کۆرپەکەی سکم مردووە، بەڵام هێشتا چاوەڕێی چارەسەری پزیشکیم."
وێبدا، یەکێکە لەو پەرستارانەی کە قسەی بۆ تێس ئینگرام کردووە و پێی گوتووە، "دایکان دووچاری ئاڵنگاریی بێوێنە بوونەتەوە. ئەوان لە چارەسەری پزیشکی، خواردنی باش و پارێزگاری لە پێش و لەدوای منداڵبوون بێبەشن."
ئینگرام باسی سەردانکردنی نەخۆشخانەیەک دەکات، "نەخۆشخانەی ئیماراتی لە رەفەح پڕبووە لە ژنی دووگیان. نەخۆشخانەکە سەرچاوەی پزیشکی و مرۆیی کەمە و ناچارن ژنان لەدوای سێ کاژێر منداڵبوون بەڕێبکەن."
بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، 135 هەزار منداڵ کە تەمەنیان لە دوو ساڵ کەمترە دووچاری مەترسیی بەدخۆراکی بوونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ