بڕیارە لە بەرامبەر سێ بارمتەدا 90 بەندکراوی فەلەستینی ئازاد بکرێن

19-01-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەگوێرەی مەرجەکانی یەکەم رۆژی ئاگربەست، حەماس سێ بارمتە و ئیسرائیلیش 90 بەندکراو ئازاد دەکەن. حەماس دەڵێت، بەشێکی بەندکراوەکان ژن و منداڵن.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 19-01-2025 یەکەم رۆژی ئاگربەستە شەش هەفتەییەکەی نێوان حەماس و ئیسرائیلە.
 
بەگوێرەی مەرجەکان، دەستەکەوتەکانی ئەمڕۆ بریتی دەبن لە: کشانەوەی بەشێکی هێزەکانی ئیسرائیل لە ناوچە سڤیلنشینەکانی ئیسرائیل، وەستانی جەنگ، ناردنە ژوورەوەی هاوکاریی مرۆیی، رادەستکردنی بارمتە بە ئیسرائیل و ئازادکردنی 90 بەندکراوی فەلەستینی.
 
بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، بۆ هەر یەکێک لە بارمتە ئازادکراوەکان 30 بەندکراو لە زیندانەکانی ئیسرائیل دەردەهێنرێن.
 
حەماس راشیگەیاند، بەشێک لە بەندکراوەکان ژن و منداڵن.
 
گوتەبێژێکی تەندروستیی غەززە دەڵێت، لیژنەی خاچی سووری نێودەوڵەتی وەکو نێوەندگیر، ئاڵوگۆڕی بارمتە و بەندکراوەکان دەکات. دوای ئەوەی بەندکراوەکان ئازادکران، دەنێردرێنە نەخۆشخانەی ئەورووپی لە باشووری غەززە بۆ ئەوەی پشکنینی پزیشکی و چارەسەری سەرەتایی وەربگرن.
 
بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەکی نافەرمی، لەو 90 بەندکراوە، 76ـیان خەڵکی کەرتی رۆژئاوا و 14ـیان خەڵکی ئۆرشەلیم/قودسن.
 
دوێنێ شەممە، وەزارەتی دادی ئیسرائیل رایگەیاند، لە قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکە کە 42 رۆژە، 734 بەندکراو ئازاد دەکرێن؛ بەڵام وەزارەتی دەرەوەی میسر رایگەیاند، لە قۆناخی یەکەم لە بەرامبەر 33 بارمتەدا هەزار و 890 بەندکراو ئازاد دەکرێن. ئەمەش ئەگەری ئەوەی هەیە، لەوانەیە بەشێکی زۆری بەندکراوەکان لە لایەن سوپاوە دەستگیرکرابن و لای ئەوان بن، بۆیە وەزارەتی داد ئەو ژمارەیەی نەدرکاندووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە