سوپای ئیسرائیل: سێ بارمتەکانمان لە خاچی سوور وەرگرتن

19-01-2025
نیاز مستەفا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، ئەو سێ بارمتەیەیان وەرگرتن کە حەماس رادەستی خاچی سووری نێودەوڵەتی کردبوون. 

رۆژی یەکشەممە، 19ـی کانوونی دووەمی 2025، سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، ئەو سێ بارمتەیەیان وەرگرتن کە پێش کەمێک حەماس رادەستی رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی کربوون. 
 
لە راگەیێندراوێکی پێشتردا سوپاکە ئاشکرایکردبوو، رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی پەیوەندییان پێوەکردووین و پێیان گوتوون سێ بارمتەیان وەرگرتوون. 
 
رۆژی 15ـی ئەم مانگە، بە نێوەندگیریی ئەمریکا، قەتەر و میسر ئاگربەستی جەنگی غەززە لەنێوان حەماس و ئیسرائیل کرا. بۆ هەر بارمتەیەک کە حەماس ئازادی دەکات، دەبێت ئیسرائیل 30 زیندانی فەلەستینی ئازاد بکات. 
 
بە گوێرەی ئاگربەستەکە، ئیسرائیل 737 زیندانی فەلەستینی کە بە تۆمەتی جیاواز گیرابوون ئازاد دەکات، ئەمە جگە لە هەزار و 137 هاووڵاتی سڤیلی دیکەی کەرتی غەززە کە لە دوای 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە دەستگیرکرابوون ئازاد دەکات. 
 
پێشتر، بەرپرسێکی حەماس کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت بە ئەی ئێف پی راگەیاند، لە دەروازەی سەرایە لە رۆژئاوای شاری غەززە سێ بارمتەکەیان رادەستی خاچی سوور کرد. سێ بارمتەکە؛ دۆرۆن ستێینبرێچەری 31 ساڵ، ئێملی داماری 28 ساڵ و رۆمی گۆنێنی 24 ساڵانن.
 
رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمی رابردوو، حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل. دواتر ئیسرائیل دەستی بە وەڵامدانەوە کرد و جەنگەکە دەستیپێکرد. 
 
لە هێرشەکەدا، حەماس 240 کەسی بە بارمتەگرت. بە گوێرەی ئاماری حکومەتی ئیسرائیل، 94یان لەلای گرووپەکە ماون و 34یان گیانیان لەدەستداوە. 
تشرینی دووەمی ساڵی 2023، لە ئاگربەستێکدا، حەماس 105 بارمتەی ئازادکرد و ئیسرائیلیش 240 بەندکراوی ئازادکرد. بەشێک لە بارمتەکانیش لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە رزگارکراون.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە