وردەکاریی گۆڕینەوەی بارمتە و دیلەکان لەنێوان حەماس و ئیسرائیل دا

19-01-2025
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
    
وەزارەتی دادی ئیسرائیل لیستی ناوی 735 زیندانی فەڵەستینی بڵاوکردەوە کە لە قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکەدا ئازاد دەکرێن. لیژنەیەکی حکومەتی ئیسرائیلیش دەڵێت، ئەو فەڵەستینییانەی لە رێککەوتنی ساڵی 2011دا ئازادکراون، 82٪یان بوونەتەوە ئەندامی گرووپە چەکدارە فەڵەستینییەکان. 
 
رۆژی 15ـی ئەم مانگە، ئاگربەستی جەنگی غەززە راگەیێندرا. ئەمڕۆ، ئیسرائیل 90 زیندانی فەڵەستینی ئازادکرد، حەماسیش سێ بارمتەی ئیسرائیلی ئازادکرد. 
 
بەرپرسانی ئیسرائیل و حەماس بە نێوەندگیریی ئەمریکا، قەتەر و میسر لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن کە دیارترینیان ئازادکردنی بارمتەکانی ئیسرائیل و زیندانییە فەڵەستینیەکانە، ئەمە جگە لە کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە چەند شوێنێکی کەرتەکە، گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی زیاتر بەو ناوچەیەی فەڵەستین و بەڕێوەبردنی دەروازەی رەفەح بە گوێرەی لێکتێگەیشتنێکی نێوان هەردوولا. 
 
ئیسرائیل 737 زیندانی ئازاد دەکات کە 296یان ئەندام بوون یان پەیوەندییان بە حەماسەوە هەبووە.
 
بە گوێرەی ئاگربەستەکە، ئیسرائیل 737 زیندانی فەڵەستینی کە بە تۆمەتی جیاواز گیرابوون ئازاد دەکات، ئەمە جگە لە هەزار و 137 هاووڵاتیی سڤیلی دیکەی کەرتی غەززە کە لە دوای 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە دەستگیرکرابوون ئازاد دەکات. 
 
وەزارەتی دادی ئیسرائیل لیستی ناوی ئەو 737 کەسەی بڵاوکردەوە کە ئازاد دەکرێن. 
 
لە لیستەکەدا ناوی زیندانیان، هۆکاری دەستگیرکردنیان، ساڵی دەستگیرکردنیان و چەندین زانیاریی دیکەی سەبارەت بەو گیراوانە تێدایە. 
 
لەنێویاندا 296یان ئەندامن یان پەیوەندییان بە حەماسەوە هەبووە، 263یان لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوام بووە، ئەوانەی دیکەش خەڵکی بێلایەن و ئەندامی گرووپە چەکدارە فەڵەستینیەکانی دیکە بوون، لەوانە جیهادی ئیسلامی. 
 
دیارترین زیندانییەکان کێن کە ئازاد دەکرێن؟ 
 
زەکەریا محەممەد عەبدولڕەحمان زوبەیدی، فەرماندەی پێشووتری کەتیبەی شەهیدانی ئەقسا لە جینین، یەکێکە لەو زیندانییانەی ناوی هاتووە و ئازاد دەکرێت. 
 
زوبەیدی، چەند جارێک بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشکردنە سەر جووەکان دەربڕیووە و بە کوشتنی چەند کەسێکیش تۆمەتبار دەکرێت. چەند جارێک لەلایەن ئیسرائیلەوە بە تۆمەتی جیاواز دەستگیرکراوە کە دواینییان شوباتی ساڵی 2019 بوو. 
 
ئەو 6ـی ئەیلوولی 2021، لەگەڵ پێنج زیندانی دیکە لە گرتووخانەیەکی باکووری ئیسرائیل هەڵاتن، بەڵام پێنج رۆژ دواتر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیلەوە دەستگیرکرانەوە. 
 
زوبەیدیی تەمەن 49 ساڵ بە زیندانی تاهەتایی لەلایەن ئیسرائیلەوە سزادرابوو. 
 
یەکێکی دیکەیان محەممەد عەتەڵـڵایە کە ئەیلوولی رابردوو بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر ژمارەیەک سەربازی ژنی سوپای ئیسرائیل دەستگیرکرا. 
 
عەتەڵـڵا لە زیندانیش دەستدرێژیکردبووە سەر ژنە پاسەوانێکی زیندانەکە و بەهۆیەوە 15 ساڵ سزادرا. 
 
لەنێو لیستەکەدا ئەحمەد نەرغوسی هەیە کە ساڵی 2002 بە تۆمەتی دابینکردنی چەک بۆ کەتیبەی شەهیدانی ئەقسا، باڵی سەربازی فەتح دەستگیرکرا. ئەحمەد فەرماندەی بەشێکی کەتیبەکە بووە. 
 
هەروەها، وایل قاسم و ویسام عەبسیش دوو ئەندامی دیکەی حەماسن کە بڕیارە ئازاد بکرێت. ئەوان ساڵی 2002 بە تۆمەتی ژمارەیەک هێرش بۆ سەر چەند شوێنێکی ئیسرائیل لە ساڵی 2000دا دەستگیرکران وبە زیندانی تاهەتایی سزادرابوون. 
 
بەشێکی ئیسرائیلییەکان ترسیان لە ئازادکردن زیندانییەکان هەیە
 
رۆژی هەینی، حکومەتی ئیسرائیل کۆبووەوە و بە زۆرینەی دەنگی وەزیران ئاگربەستیان لەگەڵ حەماس پەسەند کرد. 
 
لەو کۆبوونەوەیەدا رۆنن بار، بەرپرسی ئاژانسی ئاسایشی ئیسرائیل رایگەیاند، ئازادکردنی ئەو زیندانییانە مەترسیدارە. گوتیشی، "82٪ی ئەوانەی پێشتر لە رێککەوتنی ئازادکردنی گیلعاد شەلیت دا ئازادکران گەڕانەوە بۆ تیرۆریزم". 
 
گیلعات شەلیت، سەربازێکی سوپای ئیسرائیل بوو کە ساڵی 2006 لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی فەڵەستینەوە دەستگیرکرا و ساڵی 2011 بەرامبەر هەزار و 27 زیندانیی فەلەستینی ئازادکرا. 
 
بار ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوانەی گەڕابوونەوە بۆ سەر کاری "تیرۆریستی" 15٪یان هێرشیان کردبووەوە سەر ئیسرائیلییەکان یان پلانیان بۆ هێرشکردن دانابوو. 
 
دیارترین ئەو سەرکردانەی حەماس و گرووپە چەکدارە فەڵەستینییەکان کە پێشتر لە زیندانەکانی ئیسرائیل دا بوون. 
 
یەحیا سینوار، بەرپرسی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حەماس بە یەکێک لە دیارترین ئەو سەرکردانەی گرووپە چەکدارە فەڵەستینییەکان دادەندرێت کە لەلایەن ئیسرائیلەوە زیندانیکراوە و پاشان ئازادکراوە. 
 
سینوار لە دایکبووی ساڵی 1962 بوو و رۆژی 16ـی تشرینی یەکەمی رابردوو لەلایەن ئیسرائیلەوە لە کەرتی غەززە کوژرا. 
 
ئەو ساڵی 1989 لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بە تۆمەتی هێرش بۆ سەر ژمارەیەک هاووڵاتی ئیسرائیلی لە کەرتی رۆژئاوا و کوشتنی دوو سەربازی ئیسرائیلی چوار جار بە زیندانی تاهەتایی سزادرا، بەڵام ساڵی 2011 یەکێک بوو لەو زیندانییانەی لە رێککەوتنی گیلعات شەلیت دا ئازادکرا. 
 
ئەحمەد یاسین، دامەزرێنەر و یەکەمین سەرۆکی ئەنجوومەنی شوورای حەماس بوو. 
 
ساڵی 1987 ئەو گرووپە چەکدارەکەی دروستکرد و تاوەکو ساڵی 2004 کە لە کەرتی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژرا لە پۆستەکەیدا مایەوە. 
 
ساڵی 1989 ئەحمەد یاسین لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بە تۆمەتی کوشتنی ژمارەیەک هاووڵاتی فەڵەستینی کە کاریان بۆ تەلئەڤیڤ دەکرد دەستگیرکرا و بە زیندانی تاهەتایی سزادرا. دواتر ساڵی 1997، بە رێککەوتنێک لەگەڵ ئوردن، ئیسرائیل ئازادیکرد. 
 
حەماس 33 بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد دەکات
 
رۆژی 7ی تشرینی یەکەمی رابردوو، حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل. دواتر ئیسرائیل دەستی بە وەڵامدانەوە کرد و جەنگەکە دەستیپێکرد. 
 
لە هێرشەکەدا، حەماس 240 کەسی بە بارمتە گرت. بە گوێرەی ئاماری حکومەتی ئیسرائیل، 94یان لای گرووپەکە ماون و 34یان گیانیان لەدەستداوە. تشرینی دووەمی ساڵی 2023، لە ئاگربەستێکدا، حەماس 105 بارمتەی ئازادکرد و ئیسرائیلیش 240 بەندکراوی ئازادکرد. بەشێک لە بارمتەکانیش لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە رزگارکراون. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە