نووسینگەی نەتەنیاهوو کاتی ئازادکردنی یەکەمین کۆمەڵە بارمتە ئاشکرا دەکات

19-01-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، کاژێر 16:00ـی ئەمڕۆ بە کاتی نێوخۆ، کە دەکاتە 17:00 بە کاتی هەولێر، حەماس یەکەمین کۆمەڵە بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد دەکات کە لە سێ ژن پێکدێن، ئەمەش دوای ئەوەی ئەمڕۆ قۆناخی یەکەمی ئاگربەستی غەززە دەستیپێکرد.
 
لە بەرامبەر ئەو سێ بارمتەیە، ئەمڕۆ ئیسرائیل 90 بەندکراوی فەلەستینی ئازاد دەکات کە لە ژن و منداڵ پێکدێن، ئەمە وەک نووسینگەی دیلەکانی فەلەستین باسی دەکات. 
 
ئاگربەستەکە بە سەرەتایەکی خراپ و سێ کاژێر دوای ئەو وادەیەی بۆی دیاریکرابوو، چووە واری جێبەجێکردنەوە.
 
ئاگربەستەکە سێ قۆناخە و لەم قۆناخەدا کە 42 رۆژ دەخایەنێت، سوپای ئیسرائیل وردە وردە لە نێوەڕاستی کەرتی غەززە دەکشێتەوە، ئاوارە فەلەستینییەکان دەگەڕێنەوە باکووری کەرتی غەززە و رێگە بە رۆیشتنی یارمەتیی مرۆیی زیاتر دەدرێت، بە جۆرێك رۆژانە 600 بارهەڵگر دەچنە نێو غەززە، 50 لەوانە سووتەمەنی دەبەن. لەو 600 بارهەڵگرە، 300ـیان بۆ باکووری کەرتی غەززە دەچن کە بەهۆی بۆردوومان و هێرشەکانی ئیسرائیلەوە تووشی وێرانکاریی گەورە بووە. 
 
بە گوێرەی رێککەوتن، لە قۆناخی یەکەمدا، بڕیارە هەموو بارمتە ژنەکان بە سڤیل و سەربازەوە، هەروەها منداڵانی خوار تەمەن 19 ساڵ و پیاوانی سەروو 50 ساڵ لە لایەن حەماسەوە رادەستی ئیسرائیل بکرێنەوە. 
 
جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "ئازادکردنی بارمتەکان و دەستگیرکراوان گران لەسەر ئیسرائیل کەوت،" راشیگەیاند: "پابەندین بە گەڕانەوەی هەموو بارمتەکان و هەڵوەشاندنەوەی تواناکانی حەماس."
 
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل گوتیشی: "دانیپێدادەنێین کە نەمانتوانی ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی توانا سەربازی و بەڕێوەبەرییەکانی حەماس لەنێوببەین. توانیمان حەماس لە سوپایەکی تۆکمەوە لاوازبکەین بۆ گرووپێکی گەریلایی، بەڵام پابەندین بە بەدەستهێنانی ئەو ئامانجە."
 
هاوکات بزووتنەوەی حەماس ئاگربەستەکەی بە سەرکەوتن بۆ خۆی ناوبرد.
 
حەماس لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "پێویستە هەموو جیهان وەک رێزێك لە بەرامبەر خۆڕاگریی ئەفسووناویی خەڵکی غەززەمان و ئارامگری و قوربانیدانیان بە درێژایی 471 رۆژ، هەستێتە سەر پێ."
 
حەماس هەروەها جەختی لە پابەندبوونی خۆی بە ئاگربەست کردەوە، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمڕۆ یەکەمین کۆمەڵەی بەندکراوانی فەلەستینی بە گوێرەی رێککەوتنەکە ئازاد دەکرێن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە