رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئیسرائیل دەڵێت، حەماس سێ بارمتە رادەستی لیژنەی خاچی سووری نێودەوڵەتی دەکات و بە سێ قۆناخ بارمتەکان بە خێزانەکانیان شاد دەبنەوە. هەر سێ بارمتەکە ژنن و تەمەنیان لە نێوان 24 بۆ 31 ساڵە.
رۆژی یەکشەممە، 19-01-2025، کە هاوکاتە لەگەڵ یەکەم رۆژی دەستپێکردنی ئاگربەستی غەززە، کەناڵ 12ـی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە: "دەست بە رادەستکردنی سێ بارمتەکە بە لیژنەی خاچی سووری نێودەوڵەتی ICRC کراوە."
لەلایەکی دیکە، بەرپرسێکی خاچی سوور کە لەگەڵ تیمەکەی غەززەیە گوتی، تیمەکانی خاچی سوور لە رێگەن بۆ ئەوەی بچن بارمتەکان وەربگرن.
بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەک، خاچی سوور سێ بارمتە ژنەکە دەباتە یەکەیەکی تایبەتی سوپای ئیسرائیل لە غەززە. لەوێوە دەگوازرێنەوە دامەزراوەیەکی سوپا لە نێو ئیسرائیل بۆ ئەوەی پشکنینی پزیشکییان بۆ بکرێت. دواتر دەگوازرێنەوە نەخۆشخانە و لەوێ بە خێزانەکانیان شاد دەبنەوە.
سێ بارمتەکە؛ دۆرۆن ستێینبرێچەری 31 ساڵ، ئێملی داماری 28 ساڵ و رۆمی گۆنێنی 24 ساڵانن.
دەیڤید مێنسەر، گوتەبێژی حکومەتی ئیسرائیل رایگەیاند: "هیچی نوێمان نییە بیڵێین، هەرکات بارمتەکان گەیشتنە ئیسرائیل ئێمەش پشتڕاستی دەکەینەوە."
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، کاژێر 16:00ـی ئەمڕۆ بە کاتی نێوخۆ، کە دەکاتە 17:00 بە کاتی هەولێر، حەماس یەکەمین کۆمەڵە بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد دەکات کە لە سێ ژن پێکدێن، ئەمەش دوای ئەوەی ئەمڕۆ قۆناخی یەکەمی ئاگربەستی غەززە دەستیپێکرد.
لە بەرامبەر ئەو سێ بارمتەیە، ئەمڕۆ ئیسرائیل 90 بەندکراوی فەلەستینی ئازاد دەکات کە لە ژن و منداڵ پێکدێن، ئەمە وەکو نووسینگەی دیلەکانی فەلەستین باسی دەکات.
ئاگربەستەکە سێ کاژێر دوای ئەو وادەیەی بۆی دیاریکرابوو، چووە واری جێبەجێکردنەوە.
چی لەبارەی دەستگیرکردنی ئەو بارمتانە دەزانین؟
دۆرۆن ستێینبرێچەر، پزیشکی ڤێتێنەرییە و لەکاتی هێرشەکەی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەری2023، لە شوقەکەی خۆی بووە لە شاری کەفر عیزە.
ئێمڵی داماری، کە هەڵگری رەگەزنامەی بەریتانیی و ئیسرائیلییە و بەهەمان شێوە لە شاری کەفر عیزە دەستگیر کراوە.
رۆمی گۆنێن، لە فێستیڤاڵی سوپەرنۆڤا بووە کاتێک حەماس هێرشی کردووە. ئەو فێستیڤاڵەی زۆرینەی بەشداربووانی بە سەلامەتیی تێیدا دەرنەچوون.
ئەمە لەکاتێکدایە، بڕیار وابوو ئاگربەستەکە کاژێر 09:30ـی خولەکی بەیانی بە کاتی هەولێر بچێتە واری جێبەجێکردنەوە، بەڵام ئیسرائیل ئەمڕۆ رایگەیاند، بەهۆی دواخستنی ئاشکراکردنی ناوی بارمتەکان، ئاگربەستەکە لە کاتی خۆیدا ناچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ