رۆژهەڵاتی نێوەڕاست

منداڵانی قوتابی لەبەردەم قوتابخانەیەک لە قودس-ئۆرشەلیم کە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتی دەکات. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ئیسرائیل سێ قوتابخانە و ناوەندی فێرکردنی ژێر کۆنترۆڵی ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئاوارە فەڵەستینیەکانی (ئونروا) داخست و سکرتێری گشتیش ئەو کارە "بە تووندی" سەرکۆنە دەکات.
رۆژی چوارشەممە، 19ی شوباتی 2025، ستیڤان دوژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "هێزەکانی ئیسرائیل و کارمەندانی شارەوانی لە ئۆرشەلیم [قودس] چوونە نێو سەنتەری راهێنانی قەلاندیا کە لەژێر کۆنترۆڵی ئونروا و داوای دەستبەجێ چۆڵکردنیان کرد. لەکاتێکدا لانیکەم 350 قوتابی و 30 کارمەندی شوێنەکە لەوێ بوون." دەشڵێت، سوپاکە گازی فرمێسکڕێژ و بۆمبی دەنگیان بۆ چۆڵپێکردنی سەنتەرەکە بەکارهێنا.
ئەو گوتەبێژە ئاماژەی بەوەش کرد، هێزەکانی ئیسرائیل ئەو ناوەندە و دوو قوتابخانەی دیکەشیان لە رۆژهەڵاتی قودس-ئۆرشەلیم داخست.
لە پارەوە بەهۆی جەنگی ئیسرائیل و حەماسەوە پەیوەندییەکانی حکومەتی تەلئەڤیڤ و ئاژانسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرەو خراپتر رۆیشتوون. بەرپرسانی ئیسرائیل بەشێک لە کارمەندەکانی ئاژانسەکە بە کارکردن بۆ حەماس تۆمەتبار دەکەن. بەرپرسانی ئاژانسەکەش ئەوەیان رەتکردووەتەوە.
گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەش کرد، داخستنی قوتابخانەکانی قودس-ئۆرشەلیم لە لایەن ئیسرائیلەوە "پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتییە".
رۆژهەڵاتی قودس-ئۆرشەلیم لەژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیل دایە. بەشێکی هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە هاوکاری دەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ