رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی باڵای حەماس دەڵێت، بزووتنەوەکەیان ئامادەیە هەموو ئەو بارمتانەی لەژێر دەستیان دا ماون، بە یەکجار و لە یەک گەڕدا، لە قۆناخی دووەمی ئاگربەست ئازاد بکەن.
رۆژی پێنجشەممە (19-02-2025) تاهر نونو، بەرپرسێکی باڵای بزووتنەوەی حەماس بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند "بە نێوەندگیرەکانمان راگەیاندووە؛ حەماس ئامادەیە هەموو بارمتەیەک بە یەکجار، لە قۆناخی دووەمی ئاگربەست ئازاد بکات، نەوەک بە چەند قۆناخێکی جیاواز."
نونو ئاماژەی بە ژمارەی ئەو بارمتانە نەدا کە ئێستا لە ژێر دەستی ئەوان یان گرووپی دیکەدا ماون.
حەماس و ئیسرائیل ئێستا خەریکی جێبەجێکردنی قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکەیانن، کە لە 19ـی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ راگەیێنرا.
لەوکاتەوە حەماس 19 بارمتەی ئیسرائیلی رادەستکردووە و زیاتر لە هەزار و 100 بەندکراوی فەلەستینیش ئازادکراون.
دوای تەواوبوونی قۆناخی یەکەم، 58 بارمتە لە غەززە ماون و سوپای ئیسرائیل بڕوای وایە، 34ـیان کوژرابن.
تاوەکو ئێستا شەش جار ئاڵوگۆڕی بارمتە و بەندکراو کراوە.
گەڕی یەکەمی ئاڵوگۆڕکردن لە 19-01-2025 بوو. ئەوکات حەماس سێ بارمتەی ژنی بە ناوەکانی دۆرۆن ستێینبرێچەر، ئێملی داماری و رۆمی گۆنێن رادەستکرد. لەبەرامبەردا، ئیسرائیل 90 بەندکراوی ئازادکرد.
رۆژی 25-01-2025 گەڕی دووەم بەڕێوەچوو، تێیدا چوار ژنە بارمتە ئازادکران. هەریەک لە کارینا ئەریڤ، دانیێلا گیلبوا، ناما لێڤی و لیری ئەلباگ رادەستی خاچی سوور کران. لەبەرامبەردا ئیسرائیل 200 بەندکراوی ئازادکرد.
گەڕی سێیەم لە رۆژی 30-01-2025 بەڕێوەچوو، تێیدا هەشت بارمتە ئازادکران، پێنج لە بارمتەکان تایلەندی بوون. ئەربیل یەهوود و ئاگام بێرگەر دوو بارمتەی ژن بوون و بارمتەی سێیەمیش گادی مووشی مۆزیسی تەمەن 80 ساڵان بوو. ئیسرائیل 183 بەندکراوی ئازادکردن.
لە گەڕی چوارەم دا کە لە رۆژی 01-02-2025 بەڕێوەچوو، سێ بارمتەی پیاو بە ناوەکانی یاردن بیباس، کێیس سیگڵ و ئۆفەر کاڵدیرۆن ئازادکران. لە بەرامبەردا ئیسرائیل 110 بەندکراوی فەلەستینی لە زیندانەکان دەرهێنا.
رۆژی شەممە 08-02-2025، بزووتنەوەی حەماس لە شاری دێر بەلەحی کەرتی غەززە، سێ بارمتەی ئیسرائیلی رادەستی لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور کرد. ئیسرائیلیش 183 بەندکراوی ئازادکرد و بەشێکیان بە پاس گەیشتنە شاری رامەڵڵای کەرتی رۆژئاوا.
دوایین گەڕیش لە 15-02-2025 بەڕێوەچوو. حەماس سێ بارمتەی ئازاد کردن و ئیسرائیلیش 369 بەندکراوی ئازادکردن. بارمتەکان بریتیبوون لە ئەلیکساندەر ساشا تروفانۆڤ، یائیر هۆرن و ساگی دێکەلچێن.
بەگوێرەی ئاگربەستەکە، پێویستە تاوەکو تەواوبوونی قۆناخی یەکەم کە ماوەکەی 42 رۆژە، 33 بارمتە و هەزار و 900 ئیسرائیلی ئازاد بکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ