حەماس 6 بارمتە و 4 تەرم رادەستی ئیسرائیل دەکاتەوە

19-02-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

حەماس رایگەیاند، تەرمی 4 بارمتە رادەستی ئیسرائیل دەکەنەوە، کە دووانیان منداڵن، دوای دوو رۆژیش 6 بارمتەی زیندوو ئازاد دەکەن.
 
بەگوێرەی راگەیێنراوێکی خەلیل حەییە، بەرپرسی باڵای بزووتنەوەی حەماس، سبەی (پێنجشەممە، 20ـی شوبات) حەماس تەرمی 4 بارمتە رادەستی ئیسرائیل دەکات. دوای دوو رۆژیش 6 بارمتەی زیندوو ئازاد دەکات.
 
بەگوێرەی حەماس، شیری بیباس و دوو کوڕەکەی ئەریێل و کفیر، لەنێو تەرمەکاندان.
 
لەکاتی رفاندنیان، ئەریێل تەمەنی چوار ساڵ و کفیر تەمەنی 9 مانگ بوو. کفیر بچووکترین بارمتە بوو. حەماس رایگەیاند، سێ بارمتەکە لە هێرشێکی ئیسرائیل دا کوژران، بەڵام ئیسرائیل تاوەکو ئێستا پشتڕاستی نەکردووەتەوە.
 
رۆژی 01-02-2025 یاردن بیباس، هاوژینی شیری ئازاد کرا.
 
تشرینی دووەمی 2023 حەماس ڤیدیۆیەکی یاردن بیباسی بڵاوکردەوە، کە تێیدا ئیسرائیلی بە تۆمەتباری کوژرانی خێزانەکەی ناوبرد.
 
نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پشتڕاستیکردەوە، لە دانوستاندنەکانی قاهیرە گەیشتوونەتە رێککەوتن کە رۆژی پێنجشەممە و رۆژی شەممە، بۆ رادەستکردنی ئەو 10 بارمتەیە دیاریبکرێن.
 
نووسینگەکە رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت هەفتەی داهاتوو تەرمی چوار بارمتەی دیکە بە ئیسرائیل بدرێتەوە.
 
یانەی خێزانی بێسەروشوێنبووان و بارمتەکان لە راگەیێنراوێک دا ناوی شەش بارمتەکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "یانەکەمان بە دڵخۆشییەکی زۆرەوە پێشوازی لە گەڕانەوەی هەریەک لە ئیلیا کۆهێن، تال شۆهام، عومەر شێم تۆڤ، عومەر وێنکەرت، هیشام سەعید و ئەڤێرا مێنگیستو دەکات."
 
بەگوێرەی یانەکە، هەردوو بارمتە هیشام سەعید و ئەڤێرا مێنگیستو کە سڤیلن، 10 ساڵە لە غەززە گیراون، ئەمەش دوای ئەوەی هیشام لە 2015 و ئەڤێرا لە 2014 سنووری ئیسرائیلیان بڕی و چوونە نێو غەززەوە.
 
گوتەبێژێکی یانەکە راشیگەیاند، کەسوکاری هەموو بارمتەکان، زیندوو و مردوو، ئاگادارکراونەتەوە.
 
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، قۆناخی یەکەمی ئاگربەستی غەززە کە لە 19-01-2025 راگەیێنرا، لە 42 رۆژ پێکدێت؛ حەماس پێویستە 33 بارمتە و ئیسرائیلیش 1900 بەندکراو ئازاد بکەن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە