رووداو دیجیتاڵ
دامەزراوەی پترۆڵی کوێت رایگەیاند، دوو پاڵاوگەی گەورەی نەوتی وڵاتەکەیان لە رێگەی درۆنەوە کراونەتە ئامانج و بەهۆیەوە ئاگر لە یەکە بەرهەمهێنەرەکان کەوتووەتەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمیی دامەرزاوەکە، کە رۆژی پێنجشەممە، 19-3-2026، بڵاوی کردووەتەوە، هەریەک لە پاڵاوگەکانی "مینا عەبدوڵڵا" و "مینا ئەحمەدی" کە سەر بە کۆمپانیای نیشتمانیی پترۆڵی کوێتن، رووبەڕووی هێرشی دوو درۆن بوونەتەوە. هێرشەکان بوونەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە چەند یەکەیەکی کارپێکەری نێو پاڵاوگەکان.
هێزی ئاگرکوژێنەوەی گشتیی کوێت رایگەیاند، شەش تیمی ئاگرکوژێنەوە بەپەلە گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکان. دواتر دامەزراوەی پترۆڵی کوێت رایگەیاند، تیمەکانیان توانیویانە ئاگری هەردوو یەکە کارپێکەرەکە لە هەردوو پاڵاوگەکە بە تەواوی کۆنترۆڵ بکەن.
سەبارەت بە زیانەکانی ئاگرەکە دامەزراوەی پترۆڵی کوێت رایگەیاند، هێرشەکان "هیچ زیانێکی گیانییان لێنەکەوتووەتەوە" و تیمەکان بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵ و بەپێی بەرزترین پێوەرەکانی سەلامەتیی جیهانی مامەڵەیان لەگەڵ دۆخەکەدا کردووە.
دوای ئەوەی دوێنێ ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر کێڵگەی پارسی باشوور لە ئێران، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند لە بەرامبەردا هێرش دەکەنە سەر پاڵاوگەکان و کارگەکانی پترۆکیمیایی لە وڵاتانی کەنداو.
هێزەکانی ئێران لە دوێنێ شەوەوە ژمارەیەک ژێرخانی وزەیان لە وڵاتانی سعودیە، قەتەر و کوێت بە مووشەک و درۆن بۆردوومان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ