رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرقاڵی تاوتوێکردنی رەوانەکردنی هەزاران سەربازی ئەمریکییە بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ قۆناخێکی نوێی جەنگی دژی ئێران کە رەنگە ئۆپەراسیۆنی وشکانی لەخۆ بگرێت.
بەپێی زانیارییەکانی رۆیتەرز کە لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە وەریگرتووە، چەند بژاردەیەک بۆ فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنەکان لە بەردەم ترەمپدا هەن:
تەنگەی هورمز: ناردنی هێزی وشکانی بۆ سەر کەناراوەکانی ئێران بە مەبەستی دابینکردنی ئاسایشی رێڕۆی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان.
دوورگەی خارگ: کۆنتڕۆڵکردنی ئەم دوورگە ستراتیژییە کە 90٪ـی هەناردەی نەوتی ئێرانی لێوە دەکرێ. پسپۆڕان دەڵێن، کۆنتڕۆڵکردنی دوورگەکە باشترە لە وێرانکردنی، چونکە بونیادنانەوەی ژێرخانەکەی ساڵانێکی زۆری دەوێت.
یەدەگی یۆرانیۆم: پاراستن و دەستبەسەرداگرتنی کۆگەکانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران، کە ئەمە وەک یەکێک لە ئاڵۆزترین و مەترسیدارترین ئۆپەراسیۆنەکان بۆ هێزە تایبەتەکان دەبینرێت.
بەرپرسێکی کۆشکی سپی بە رۆیتەرزی گوتووە، تاوەکو ئێستا بڕیاری کۆتایی بۆ ناردنی هێزی وشکانی نەدراوە، بەڵام ترەمپ هەموو بژاردەکانی هێشتووەتەوە. ئامانجە سەرەکییەکان بریتین لە؛ تێکشکاندنی توانای مووشەکی بالیستی، لەناوبردنی هێزی دەریایی، بڕینی دەستی گرووپەکان لە ناوچەکە و گەرەنتیی ئەوەی ئێران هەرگیز نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
تولسی گابارد، بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند، بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران لەرێگەی هێرشە ئاسمانییەکانەوە وێران کراوە و دەروازەی بنکە ژێرزەمینییەکان بە چیمەنتۆ داخراون.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە نوێترین راپۆرتیدا رایگەیاند: لە 28ـی شوباتەوە تاوەکو ئێستا، ئەمریکا 7,800 هێرشی ئاسمانیی کردووە. زیاتر لە 120 کەشتی و بەلەمی جەنگیی ئێران تێکشکێندراون. تاوەکو ئێستا 13 سەربازی ئەمریکی کوژراون و نزیكەی 200 سەربازیش بریندار بوون.
ناردنی هێزی وشکانی بۆ ناو خاکی ئێران مەترسیی سیاسیی گەورەی بۆ ترەمپ هەیە، چونکە پێشتر بەڵێنی دابوو ئەمریکا لە تێوەگلان لە جەنگی نوێی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەدوور بگرێت. هەروەها سوپای ئەمریکا بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری (جێراڵد فۆرد) و ناردنی بۆ یۆنان بە مەبەستی چاککردنەوە، بەشێک لە هێزی خۆی لە ناوچەکەدا لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ