رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایدەگەیێنێت، تەنگەی هورمز بەهۆی دۆخی ناوچەکەوە "داخراوە" و ئاماژە بەوە دەکات کە چیدیکە دۆخی تەنگەکە لەڕووی ئەمنی و یاساییەوە ناگەڕێتەوە بۆ پێشوو.
محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای فەرمیی پەرلەمانی وڵاتەکەی باسی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و داخرانی تەنگەی هورمز، گرژییەکانی ناوچەکە و کاریگەرییان لەسەر جووڵەی کەشتیوانی رایگەیاند: "ئێستا تەنگەی هورمز داخراوە؛ ئەوە ئێمە نین دامانخستووە، بەڵکو تەنگەکە بەهۆی دۆخی ناوچەکەوە داخراوە. ئەمە واتای ئەوەیە کە ئێمە پێویستە بەرگری لە خۆمان بکەین و خەریکی ئەوەین."
سەبارەت بە وڵاتانی دراوسێ، قالیباف جەختی کردەوە وڵاتەکەی نیازی هێرشکردنە سەر هیچ وڵاتێکی دراوسێی نییە و گوتی: "چەندین جار گوتوومانە و ئێستاش دەیڵێینەوە کە نیازی هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێمان نییە، بەڵام ئایا ئەو دووژمنەی لێرەوە هێرشمان دەکاتەسەر، فڕۆکە هەڵدەفڕێنێت و مووشەک دەهاوێژێت، نابێت وەڵامی بدەینەوە؟ ئەوە مافی سرووشتیی ئێمەیە کە وەڵامی هێرشەکانی بدەینەوە."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا زۆربەی کەشتییەکان لەبەر تێکچوونی دۆخی ئەمنی، خۆیان لە ناوچەکەدا هاتووچۆ ناکەن.
قالیباف هۆشداریی دا دۆخی ستراتیژیی ناوچەکە گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە و گوتی: "بێگومان لەمەودوا و دوای ئەو دەستێوەردانانەی کران، چیدیکە تەنگەی هورمز ناتوانێت لەڕووی یاسایی و هاتووچۆوە وەکو جاران بێت؛ تەنگەکە چیدیکە ئاسایشی پێویستی جارانی نییە و ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێشووی."
لە 28ی شوباتەوە ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانیان بۆ سەر ئێران دەستپێکردووە کە تاوەکو ئێستاش بەردەوامە. ئێرانیش لە وەڵامدا بە درۆن و مووشەک خاکی ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکان، ناوەندە دیپلۆماسییەکان و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکاتە ئامانج.
ئێران هەروەها تەنگەی هورموزیشی بەڕووی هاتووچۆی کەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرەکاندا داخستووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ