رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل هۆشدارییەکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا داوا لە دانیشتووانی بەشێکی شارەکانی خۆنداب و ئەراکی سەر بە پارێزگای مەرکەزیی ئێران دەکات کە ''دەستبەجێ'' ئەو ناوچەیە چۆڵ بکەن.
هۆشدارییەکە کاژێر 04:23 خولەکی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19-06-2025، بە هەردوو زمانەکانی فارسی و عەرەبی بڵاوکراوەتەوە و تێیدا داوا لە بەشێکی دانیشتووانی شارەکانی خۆنداب و ئەراکی سەر بە پارێزگای مەرکەزی کراوە کە دەستبەجێ ناوچەیەکەی دیاریکراوە چۆڵ بکەن.
لەسەر نەخشە ناوچەیەکی بازنەیی بە تیرەی نزیکەی چوار کیلۆمەتر لەنێوان شارەکانی خۆنداب و ئەراک دەستنیشانکراوە کە بەگوتەی سوپای ئیسرائیل، لە کاژێرەکانی داهاتوودا ژیرخانی سەربازیی ئێران لەو ناوچەیە، دەکرێتە ئامانج.
سوپاکە هۆشداری بە خەڵکی ئەو ناوچەیە دیاریکراوە دەدات، ''بۆ پاراستنی گیانی خۆتان دەستبەجێ دوور بکەونەوە، چونکە لە درێژەی ئۆپەراسیۆنەکەماندا، لەم ناوچەیە چالاک دەبین.''
ئەو شوێنەی کە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە دەستنیشانکراوە، 75 کیلۆمەتر لە ناوەندی ئەراک دوورە و دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای شارەکە کە بنکەیەکی گرنگی ئەتۆمی بە ناوی ''راکتۆری ئاوی قورسی ئەراک IR40'' لێ هەڵکەوتووە. هەروەها مەودای لەگەڵ ناوەندی شاری خۆنداب پێنج کیلۆمەترە.
لە رۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانەوە جەنگی نێوان تەلئەڤیڤ و تاران بە هێرشی راستەوخۆی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئێران دەستیپێکرد. تاوەکو ئێستا جەنگەکە بەردەوامە و هەردوو لا هێرش دەکەنە سەر یەکدی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ