پلانی هێرشکردنە سەر ئێران لەسەر مێزی ترەمپە؛ چاوەڕێی فەرمانی کۆتاییە

19-06-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
نیشانەکردن جەنگی ئێران و ئیسرائیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

میدیای ئەمریکی دەڵێت، ترەمپ رۆژی سێشەممە بە راوێژکارە باڵاکانی راگەیاندووە پلانی هێرشکردنە سەر ئێرانی پەسند کردووە.

رۆژی چوارشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2025، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی لەسەر زاری چەند کەسێکی ئاگادار لە گفتوگۆکان رایگەیاند، ترەمپ پلانی هێرشکردنە سەر ئێرانی پەسند کردووە. 
 
ئەو کەسانەی قسەیان بۆ وۆڵ ستریت جۆرناڵ کردووە دەڵێن، ترەمپ هەرچەندە پلانەکەی پەسند کردووە، چاوەڕێ دەکات بزانێت تاران واز لە پرۆگرامی ئەتۆمییەکەی دەهێنێت یان نا.
 
ترەمپ رۆژی سێشەممە، لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا بڕیاری داوە هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، گوتی: "رەنگە بیکەم، رەنگە نەیکەم." 
 
هەروەها دووپاتی کردەوە پێویستە ئێران بێ مەرج خۆی رادەست بکات و گوتی: "هەفتەی داهاتوو چارەنووسساز دەبێت. رەنگە کەمتریش لە هەفتەیەک."
 
عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران پێشتر رایگەیاندبوو وڵاتەکەی خۆی رادەست ناکات و هۆشداری دا هەر دەستوەردانێکی سەربازیی ئەمریکا ئەنجامی خراپی لێدەکەوێتەوە. 
 
سوپای ئەمریکا لە رۆژانی رابردوودا هێزەکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کۆکردووەتەوە. سێیەم کەشتیی جەنگیی تێکشکێنەری هێزی دەریایی ئەمریکا چووەتە رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست و دووەم گرووپی کەشتییە هەڵگرەکانی فڕۆکەی جەنگیی ئەمریکاش بەرەو دەریای عەرەب بەڕێکەوتووە.
 
سەرۆکی ئەمریکا مەرجەکانی واشنتنی بۆ کۆتاییهێنان بەم دۆخە خستووەتەڕوو و دەڵێت: "ئێران دەبێت خۆی رادەست بکات و دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی بێت."
 
ئێرانییەکانیش دەڵێن، پڕۆگرامی ئەتۆمییان بۆ مەبەستی ئاشتیخوازانەیە و دەیانەوێت وەکو سەرچاوەی بەدەستختنی وزە بەکاریبهێنن و تاوەکو ئێستاش رەتیدەکەنەوە دەستبەرداری بن. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە