جەنگی ئێران و ئیسرائیل؛ ئایا ترەمپ دەستوەردان دەکات و ناوچەکە دەتەقێنێتەوە؟

19-06-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل گەیشتووەتە لووتکە، دوای ئەوەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەڕەشەی تووندی لە رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و رایگەیاند، "نابێت چیدیکە رێگەی پێبدرێت لە گۆڕەپانەکەدا بمێنێتەوە."
 
ئەمەش دوای ئەوە هات کە لە هێرشێکی مووشەکیی ئێراندا، نەخۆشخانەیەکی گەورە لە باشووری ئیسرائیل کرایە ئامانج و زیانێکی زۆری بەرکەوت. لە بەرامبەردا، ئیسرائیل چەندین بنکەی ئەتۆمیی ئێرانی کردووەتە ئامانج و هۆشداریی لە "تووندکردنەوەی هێرشەکان" داوە.
 
ئەم گرژییە مەترسیدارانە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هێشتا بڕیاری کۆتایی لەبارەی دەستوەردانی سەربازیی وڵاتەکەیەوە نەداوە، ئەمەش نیگەرانییەکی گەورەی لەسەر ئاستی هەرێمەکە و جیهان دروستکردووە.
 
هەڕەشەکانی ئیسرائیل و هێرشەکان
 
رۆژی پێنجشەممە یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشەکانیان بۆسەر "ئامانجە ستراتیژییەکان" لە ئێران تووندتر دەکەنەوە.
 
کاتس لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەڤانان گوتی، "خامنەیی بە ئاشکرا رایگەیاندووە، دەیەوێت ئیسرائیل لەناوببات و خودی خۆی فەرمانی مووشەکبارانکردنی نەخۆشخانەکان دەدات. پیاوێکی لەو جۆرە نابێت چیدیکە رێگەی پێبدرێت لە گۆڕەپانەکەدا بمێنێتەوە."
 
ئەم هەڕەشەیە دوای ئەوە هات کە چەندین مووشەکی ئێرانی بەر چەند شوێنێک لە ئیسرائیل کەوتن، لەنێویاندا ناوەندی پزیشکیی سۆرۆکا لە شاری بیئرشەبع.
 
بەرپرسانی نەخۆشخانەکە رایانگەیاند، زیانێکی "بەرچاو"یان بەرکەوتووە و داوایان لە خەڵک کرد لە ناوچەکە دووربکەونەوە. سوپای ئیسرائیل دەڵێت، ئەمە یەکەمجارە لە سەرەتای جەنگەوە نەخۆشخانەیەک راستەوخۆ بکرێتە ئامانج.
 
لە لایەکی دیکەوە، سوپای پاسدارانی ئێران، بەپێی ئاژانسی فارسی نزیک لە خۆی، رایگەیاندووە کە ئامانجیان بنکەیەکی سەربازیی ئیسرائیل بووە کە "لە نزیک نەخۆشخانەکە" بووە، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم بانگەشەیە پێشکێش نەکردووە.
 
لە وەڵامدا، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، چەندین ئامانجیان لەنێو خاکی ئێراندا پێکاوە، لەوانەش کارگەی ئاوی قورسی ئەرەک کە "ناچالاک" بووە و بنکەی ئەتۆمیی نەتەنز.
 
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم پشتڕاستی کردەوە، کارگەی ئەرەک کراوەتە ئامانج، بەڵام "هیچ ماددەیەکی ئەتۆمیی تێدا نەبووە و هیچ کاریگەرییەکی تیشکی تۆمار نەکراوە."
 
هەڵوێستی ئەمریکا و ئەگەری دەستوەردان
 
چارەنووسی جەنگەکە تاڕادەیەکی زۆر بەستراوەتەوە بە هەڵوێستی واشنتن. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی دەستوەردانی سەربازیی وڵاتەکەیەوە گوتی، "بیرۆکەم هەیە چی بکەم، بەڵام بڕیاری کۆتاییم نەداوە. حەز دەکەم چرکەیەک پێش کاتی دیاریکراو بڕیاری کۆتایی بدەم، چونکە شتەکان دەگۆڕێن."
 
ئیسرائیل گوشاری لەسەر ترەمپ کردووە بۆ ئەوەی چەکە بەهێزەکانی ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییە ژێرزەمینییەکانی ئێران بەکاربهێنێت. لە بەرامبەردا، خامنەیی هۆشداریی داوەتە ئەمریکا و رایگەیاندووە کە هەر هێرشێک بۆ سەر خاکی ئێران، "زیانی قەرەبوونەکراوەی" بەدواوە دەبێت.
 
هاوکات، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا لە سەردانێک بۆ بەیرووت، هۆشداریی دایە حیزبوڵڵای لوبنان لەوەی خۆی لە جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل هەڵقورتێنێت و گوتی: "ئەوە بڕیارێکی زۆر زۆر خراپ دەبێت."
 
کاردانەوە هەرێمییەکان و هۆشدارییەکان
 
عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعە هۆشداریی لەبارەی کردنەئامانجی سەرکردایەتیی ئێرانەوە دا و رایگەیاند، هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر "سەرکردایەتیی باڵای ئایینی و سیاسیی" ئێران، "ئاکامی کارەساتباری بۆ ناوچەکە دەبێت" و دەبێتە هۆی "ئاژاوەیەکی بەرفراوان."
 
هەروەها ژمارەیەک گرووپی چەکداریی نزیک لە ئێران لە عێراق، وەک حیزبوڵڵا و نوجەبا، هەڕەشەی تووندیان لە ئەمریکا کردووە ئەگەر زیان بە خامنەیی بگەیێندرێت و رایانگەیاندووە کە "هەموو بەرژەوەندی و هاووڵاتییەکی ئەمریکی لە ناوچەکەدا دەبێتە ئامانجی رەوا."
 
لەلایەکی دیکەوە، پۆلیسی ئێران رایگەیاندووە، 24 کەسیان بە تۆمەتی "سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل و شێواندنی وێنەی کۆماری ئیسلامی" دەستگیرکردووە.
 
زیانە مرۆییەکان و هەوڵە دیپلۆماسییەکان
 
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئێراندا لانیکەم 24 کەس لە ئیسرائیل کوژراون. لە بەرامبەردا، لایەنی ئێرانی دەڵێت هێرشەکانی ئیسرائیل بوونەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 240 کەس، کە 70یان ژن و منداڵن.
 
لەگەڵ توندبوونەوەی گرژییەکاندا، بڕیارە رۆژی هەینی بەرپرسانی ئەورووپا و ئێران لە جنێڤ کۆببنەوە، کە یەکەمین گفتوگۆی فەرمییە لەنێوان هەردوو لادا لەدوای دەستپێکردنی جەنگەکەوە. بەرپرسانی ئیسرائیل و ئەمریکا بەشداریی لەم کۆبوونەوەیەدا ناکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە