رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی ئەگەری رووخاندنی "رژێمی ئێران" رایگەیاند، ئەوە "ئەرکی گەلی ئێرانە بۆ ئازادیی خۆیان راپەڕن،" بەڵام ئاماژەی بەوەش کردووە کە رەنگە ئیسرائیل "هەلومەرجێک دروست بکات کە یارمەتییان بدات."
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤاناندا بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، "خەڵک پرسیارم لێدەکەن، ئایا ئێمە ئامانجمان رووخاندنی رژێمەکەیە. ئەوە [رووخاندنی رژێم] رەنگە دەرەنجامێک بێت، بەڵام ئەوە ئەرکی گەلی ئێرانە کە بۆ ئازادیی خۆیان راپەڕن."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، "ئازادی هەرگیز هەرزان نییە و هەرگیز بەخۆڕایی نییە. ئازادی پێویستی بەوەیە گەلی چەوساوە راپەڕێت و ئەوەش لەسەر ئەوانە."
ئەم پەیامەی نەتەنیاهوو هاوشێوەی قسەکانی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بوو، کە پێشتر رایگەیاندبوو، گۆڕینی رژێم لە ئێران "دەکرێت دەرەنجام بێت" بەڵام ئامانجی سەرەکیی هێرشەکان نییە.
جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل بۆ حەوتەمین رۆژ بەردەوامە. دوای ئەوەی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر چەندین ئامانجی سەربازی و ئەتۆمیی ئێران، تاران بە دەیان مووشەک وەڵامی دایەوە.
یەکێک لە هێرشە مووشەکییەکانی ئێران زیانی گەورەی بە نەخۆشخانەی سۆرۆکا لە شاری بیرسەبع (بیرشیڤا)ی باشووری ئیسرائیل گەیاند و بووە هۆی بریندار بوونی لانیکەم 70 کەس.
ئێران دەڵێت ئامانجیان بنکەیەکی سەربازیی نزیک نەخۆشخانەکە بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ