سوپای پاسداران دەڵێت، ناوەندێکی فەرماندەیی و هەواڵگریی ئیسرائیلی بۆردوومان کردووە

19-06-2025
جووتیار قارەمان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سوپای پاسداران لەبارەی هێرشەکەی ئەم بەیانییەی بۆسەر ئیسرائیل دەڵێت، ناوەندێکی هەواڵگری و فەرماندەیی سوپای ئیسرائیلی کردووەتە ئامانج.
 
لە راگەیێندراوی ژمارە 12ـی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداراندا هاتووە: "شەپۆلی چواردەیەمی ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی راستگۆ 3 بە سوودوەرگرتن لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو و مووشەکی ئاراستەکراو" ئەنجام درا. 
 
سوپای پاسداران دەشڵێت، لەو هێرشەدا ناوەندی فەرماندەیی و هەواڵگریی سوپای ئیسرائیل لە نزیک یەکێک لە نەخۆشخانەکان بە وردییەکی زۆر کرایە ئامانج.
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە کردووە کە "ئێستا توانای هەواڵگری و هێزی پێکانی مووشەکەکانی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران" لای هەموو کەس روونە.
 
سوپای پاسداران دەڵێت، سوپای ئیسرائیل هەموو ناوەندە سەربازییەکانی چۆڵکردووە و سیستەمە مووشەکی و بەرگرییە بێسوودەکانی لەنێو شارەکان جێگیر کردووە.
 
سوپای پاسداران ئاماژە بەوەش دەکات کە پێشتریش هۆشدارییان دابوو تەواوی ئاسمانی ئیسرائیل بێ بەرگرییە و ئێستاش هەمان شت دووبارە دەکەنەوە. 
 
ئەم بەیانییە ئێران هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و لە ئەنجامدا زیاتر لە 50 کەس بریندار بوون. یەکێک لەو شوێنانەی کرایە ئامانج نەخۆشخانەیەک بوو.  
 
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران "بە بەرپرسیار دادەنرێ" لە بەرامبەر هێرشی سەر نەخۆشخانەکەی ئەمڕۆ؛ ئاماژە بەوەش دەکات، فەرمانی بە سوپا کردووە "هێرشەکان" چڕ بکاتەوە. 
 
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل جەختی لەوەیش کردەوە کە ئەوەی ئەم بەیانییە ئێران کردی، تاوانی جەنگە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بە "بەرپرسیار" دادەنرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە