ئێران چەند لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمییەوە دوورە؟

19-06-2025
جیهاد مستەفا
نیشانەکردن جەنگی ئێران و ئیسرائیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لەنێوان ئێران و بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیدا تەنیا دوو تاوەکو سێ رۆژ ماوە، بەڵام بڕیاری بەرهەمهێنانی چەکەکە تاوەکو ئێستا نەدراوە، ئەمە پوختەی نوێترین راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمە. 
 
بەپێی راپۆرتەکە کە چەند رۆژێک پێش شەڕ بڵاوکرایەوە، ئێران ستراتیجییەتی "لێواری ئەتۆمی" بەکاردێنێت بۆئەوەی هەمیشە نزیک بێت لە بەرهەمهێنانی چەکەکە و دوور بێت لە سزا نێودەوڵەتییەکان. گەیشتن بە لێواری ئەتۆمی ئەوە دەگەیێنێت ئێران دەتوانێت لە ماوەیەکی کورتدا بەکارهێنانی وزەی ئەتۆمی بگۆڕێت بۆ دروستکردنی چەک، بەڵام هێشتا بڕیاری سیاسی لەبارەی بەرهەمهێنانەکە نەدراوە.
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە: "بۆ دروستکردنی چەکێکی ئەتۆمی، ئێران پێویستی بە یۆرانیۆمی پیتێنراو بە رێژەی 90٪ هەیە، بەڵام یۆرانیۆمی ئێران ئێستا لە 60٪ تێناپەڕێت، رێژەکە گونجاوە لەگەڵ ستراتیجیەتەکەی کە بریتییە لە نزیکبوون لە بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی".
 
بەپێی دوایین راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ وزەی ئەتۆمی، ئێران دەتوانێت 25 کیلۆگرام لە یۆرانیۆمی پیتێنراو بە رێژەی 90٪ بەرهەمبێنیت بۆ دروستکردنی بۆمبێکی ئەتۆمی لە ماوەی دوو تاوەکو سێ رۆژدا، هەروەها دەتوانێت یۆرانیۆمی پیتێنراو بە رێژەی 60٪ بگۆڕێت بۆ 233 کیلۆگرام لە یۆرانیۆمی گونجاو و بە کەڵک بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی لە بنکەی فۆردۆ.
 
بەپێی راپۆرتەکەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، بۆ دروستکردنی هەر بۆمبێكی ئەتۆمی بە پیتاندنی 90٪ـی یۆرانیۆم دوو تاوەکو سێ رۆژ پێویستە، 9 بۆمبی ئەتۆمی بە هەمان رێژەی پیتاندنەوە دوو تاوەکو سێ هەفتەی دەوێت، هەروەها مانگێک بەسە بۆ ئەوەی 11 بۆمب بەرهەمبهێنرێت.
 
بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە چ قۆناخێکدایە؟ 
 
ئێران 21 هەزار و 900 سەنتەرفیوجی هەیە، 67٪ـی ئامێرەکانی لە جۆرە نوێیەکانن، لەڕێگەی ئەم ئامێرانە هێزی پیتاندنی یۆرانیۆم دەگاتە 64 هەزار SWU کە بەکاردێت بۆ پێوانەی توانای سەنتەرفیوجەکە و جیاکردنەوەی جۆرەکانی یۆرانیۆمی بەتایبەت لەنێوان جۆری 235 و 238.
 
یۆرانیۆمی جۆری 238 ئێستا 99.3٪ـی کۆی یۆرانیۆمی جیهان پێکدێنێت، جۆری 235 تەنیا 0.7٪ـی یۆرانیۆمی جیهان پێکدێنێت، یۆرانیۆمی جۆری 235 بۆ بەرهەمهنێنانی کارەبا و چەکی ئەتۆمی بەکاردێت، بە گوێرەی راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، هێزی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران گەیشتووەتە ئاستێک دەتوانێ بە ئاسانی بەرزی بکاتەوە بۆ مەبەستی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، بەڵام ئێران ئەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، قەت ئامانجمان نەبووە ئەو چەکە بەرهەمبێنین.
 
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەڵێت: "بڕی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران گومان لە نیازی بەکارهێنانەکەی دروست دەکات، چونکە بڕەکە ئەوەندە زۆرە هیچ چالاکییەکی ئاشتیانە پێویستی بەو بڕە نییە، ئێران مانگانە 37.5 کیلۆگرام لە یۆرانیۆمی پیتێنراو بە رێژەی لەسەدا 60 بەرهەمدێنێت، واتە لە ساڵێکدا 456 کیلۆگرام لە یۆرانیۆمی پیتێندراو بە رێژەی لەسەدا 60 بەرهەمدێنێت".
 
پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران بە سێ قۆناخ دەکرێت کە بریتین لە 5٪ و 20٪ و 60٪، ئەو پرۆسەیە بەردەوامە و دەتوانرێت زیاتر بکرێت، ئەو زیاتر بوونە بووە چەخماخەی ئەو جەنگەی لەنێوان هەردوولا هەیە، پاش ئەوەی پێنج گەڕی دانوستاندن لەوبارەوە نەگەیشتە ئەنجام. 
ترسی ئەمریکا و ئیسرائیل ئەوەیە ئێران بە ئاسانی بگاتە قۆناخی چوارەمی پیتاندنەکە کە بریتییە لە پیتاندنی یۆرانیۆم بە رێژەی 9٪0.
 
لە راپۆرتەکەدا یەکەمجارە باس لەوە دەکات: "ئێران نزیکە لە گەیشتن بە چەکی ئەتۆمی، تەنیا ئەوەندە ماوە بڕیارێکی سیاسی بۆ بدرێت، جگە لەوە هیچ رێگرییەکی تەکنیکی لەبەردەم ئێراندا نەماوە بۆ ئەوەی ببێتە وڵاتێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی.''

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە