رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
کەشتیی مادلین کە لە رابردوو هەوڵی دا هاوکاری بگەیێنێتە غەززە؛ وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە
رووداو دیجیتاڵ
کەشتییەک بە بارێکی 1200 تۆن خۆراکەوە بەرەو کەرتی غەززە بەڕێوەیە. کەشتییەکە رۆژی سێشەممە لە قوبرس دەرچووە و لە بەندەری ئەشدۆدی ئیسرائیل نزیک بووەتەوە.
کەشتییەکە ئاڵای پەنەمای لەسەر هەڵکراوە و، 52 کۆنتەینەر خۆراکی وەک ماکەرۆنی، برنج، خۆراکی منداڵان و خواردنی قوتووبەند هەڵگرتووە. بەرپرسانی گومرگی ئیسرائیل لە بەندەری لیماسۆلی قوبرس پشکنینیان بۆ یارمەتییەکان کردبوو، کە رۆژی دووشەممە لەوێوە بەڕێکەوتبوو.
نزیکەی 700 تۆن لە یارمەتییەکان لەلایەن قوبرسەوە دابینکراوە و بە پارەی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بۆ سندووقی ناسراو بە "ئەمالسیا" کڕدراوە. بەشەکەی دیکەی یارمەتییەکان لە ئیتاڵیا، حکومەتی ماڵتا، رێکخراوێکی ئایینی کاسۆلیکی لە ماڵتا و رێکخراوی ناحکومی کوەیتی "کۆمەڵەی ئەلسەلام"ـەوە هاتووە.
ئەمالسیا (Amalthea Fund) سندووقێکی تایبەتە کە بۆ کۆکردنەوەی بەخشینی دارایی لە وڵاتانەوە دامەزراوە بە مەبەستی ئاسانکاری و هاوئاهەنگی بۆ گەیاندنی یارمەتی مرۆیی بۆ کەرتی غەززە.
کۆنستانتینۆس کۆمبۆس، وەزیری دەرەوەی قوبرس بە ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێسی راگەیاند: "دۆخەکە [دۆخی غەززە] لەوپەڕی خراپیدایە."
پار، قوبرس وەک ناوەندێک بۆ گەیاندنی 22 هەزار تۆن یارمەتی لەڕێگەی کەشتییەوە راستەوخۆ بۆ غەززە کاری دەکرد، ئەمەش لەڕێگەی رێڕەوێکی دەریاییەوە کە لەلایەن رێکخراوی خێرخوازیی نێودەوڵەتی و دامەزراوەیەکی سەربازی ئەمریکی ناسراو بە سیستمی "لۆجستی هاوبەش لە کەنار دەریا" بەڕێوەدەبرا.
وەزارەتی دەرەوەی قوبرس رۆژی سێشەممە رایگەیاند، ئەرکی ئەمجارە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت، بەڵام هەوڵێکی هەمەلایەنەیە و کاتێک بارەکە دادەگیرێت، کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان رێکی دەخەن بۆ ئەوەی یارمەتییەکان بە بارهەڵگر بگوازرێنەوە بۆ کۆگەکان و وێستگەکانی خۆراک.
کۆمبۆس گوتی: "بەشداری هەموو لایەنە بەشداربووەکان زۆر گرنگە."
گەیاندنی یارمەتی بە کەشتی، دەتوانێت بڕێکی زۆر زیاتر یارمەتی بگەیێنێت بە بەراورد لەگەڵ یارمەتییەکان لە ئاسمانەوە کە چەندین وڵات لەم دواییانەدا لە غەززە بەو رێگەیە یارمەتییان گەیاندووە.
هەوڵەکانی نێوەندگیران، میسر و قەتەر، بە پشتیوانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، تائێستا بۆ مسۆگەرکردنی ئاگربەستێکی هەمیشەیی لەو ململانێیەدا کە بووەتە هۆی قەیرانێکی مرۆیی ترسناک لە کەرتی غەززە، شکستیان هێناوە.
بەڵام دوێنێ دووشەممە، حەماس رایگەیاند، پێشنیارێکی نوێی لە نێوەندگیرە عەرەبەکانەوە بۆ ئاگربەست قبووڵ کردووە.
میسر رایگەیاند، پێشنیازە نوێیەکەیان بۆ ئیسرائیل ناردووە و گوتی "ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەواندایە." ئیسرائیل هێشتا وەڵامی نەداوەتەوە.
رۆژی شەممە، 16ـی ئابی 2025، ئەفیغای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە ئێکس بڵاویکردەوە، "لەسەر راسپاردەی ئاستی سیاسی و ئامادەکاری سوپای ئیسرائیل بۆ گواستنەوەی غەززەییەکان لە ناوچەکانی شەڕ بۆ باشووری کەرتی غەززە و دڵنیاییدان لە سەلامەتییان، خێوەت و پێداویستی پەناگە دەدەنە خەڵکی ناوچەکە."
رۆژی 8ی مانگیش، کابینەی جەنگیی وڵاتەکە بڕیاری فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر کەرتی غەززەدا و هەڕەشەی کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی کەرتەکەی کرد کە ئێستا 75%ـی لەدەستە.
ئەدرەعی ئاماژەی بەوەش کرد، سوپای وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە ئۆپەراسیۆنەکانی بە گوێرەی یاسای نێودەوڵەتی.
رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و دواتر ئەویش بە ئۆپەراسیۆنی زەوینی و بۆردوومان وەڵامی دایەوە. بە گوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل، لە هێرشەکەی حەماسدا زیاتر لە هەزار و 200 کەس کوژران و 250ـی دیکەش بە بارمتەگیران.
بە گوێرەی تەندروستیی غەززەش، تاوەکو ئێستا لانیکەم 61 هەزار دانیشتووی غەززە کوژراون و 155 هەزار و 275 کەسی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ