رووداو دیجیتاڵ
لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکی ژینگەیی گرنگدا، بەحرێن دەستی بە چاندنی درەختی مانگرۆڤ بە درێژایی کەناراوەکانیدا کردووە کە چاوەڕوان دەکرێت وڵاتەکە سەوز بکات.
ئەو وڵاتە بچووکە، دەستپێشخەرییەکی بۆ چاندنی فراوانی درەختی مانگرۆڤ راگەیاندووە، وەک بەشێک لە ستراتیژیی حکومەت بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی کەشوهەوا.
ئامانج لە پلانەکە ئەوەیە تاوەکو ساڵی 2035 کۆی ژمارەی هەموو جۆرە درەختەکان لە 1.8 ملیۆنەوە بۆ 3.6 ملیۆن زیاد بکات، هاوکات ژمارەی درەختەکانی مانگرۆڤ بە دیاریکراوی لە 400 هەزارەوە بۆ 1.6 ملیۆن بەرز بکاتەوە.
مانگرۆڤ بەوە ناسراوە کە توانای گەشەکردنی لەو ناوچە کەناریانەدا هەیە کە خاکەکەیان شێدار و قوڕاوییە.
بەرگرییان لەبەرامبەر سوێریدا هەیە، بەهۆی توانایان لە دەردان و کۆکردنەوەی خوێ لە گەڵاکانیاندا.
حوسێن رەبیع، پسپۆڕی کۆنترۆڵکردنی جۆری و بەڕێوەبەری نەمامگەی مانگرۆڤی "رەئس سەنەد"، رایگەیاند، ئەو نەمامانەی لە وشکانیدا گەشە دەکەن، بۆ ئاودان پشتیان بە ئاوی پاڵێوراو بەستووە و دوای گواستنەوەیان پێویستیان بە خۆگونجاندن هەیە لە شوێنی چاندنیاندا.
گوتیشی ئەو نەمامانەی لە نەمامگەی "رەئس سەنەد"ی کەناردەریا گەشە دەکەن، پێشوەختە لەگەڵ بارودۆخی سرووشتیی خۆیاندا راهاتوون و دەکرێت راستەوخۆ بگوازرێنەوە بۆ ناوچە کەنارییەکان.
دارەکانی مانگرۆڤ رۆڵێکی گرنگ لە رێگریکردن لە داخورانی کەناراوەکان دەگێڕن و جێگیریان دەکەن، هەروەها ژینگەی لەبار بۆ باڵندە و گیانەوەرە دەریاییەکان دابین دەکەن.
هەروەها یارمەتیدەرن بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، بەهۆی ئەوەی لە هەر جۆرێکی دیکەی دارستان زیاتر دوانۆکسیدی کاربۆن هەڵدەمژن و وەک کۆگای سرووشتیی کاربۆن کار دەکەن.
جەواهر بونەجمە، پسپۆڕی ژینگە لە ئەنجوومەنی باڵای ژینگەی بەحرێن، گوتی: "یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی مانگرۆڤ، توانای هەڵمژینی بڕێکی زۆر لە دوانۆکسیدی کاربۆنە. بۆیە، ئەم دارانە یارمەتیمان دەدەن لە کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا."
دەستپێشخەریی چاندنی مانگرۆڤ هەروەها رۆڵی لە پەرەپێدانی گەشتیاریی ژینگەیی لە بەحرێندا هەیە.
بونەجمە گوتیشی: "گەشتی لە رێگەی بەلەمی بچووکەوە لە ناوچەکەدا دەستیپێکردووە بۆ ئەوەی رێگە بە گەشتیاران بدرێت درەختی مانگرۆڤ و باڵندەکان ببینن. لە وەرزی زاوزێی باڵندەکاندا، ناوچەکە بۆ گەشتیاری زۆر زۆر جوان دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ