نووسینگەی میدیایی غەززە: نزیکەی 13 هەزار شوێنی نیشتەجێبوون رووخاون

19-10-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نووسینگەی میدیایی حکومی لە غەززە، کە دامەزراوەیەکی حکومەتی فەلەستینە رایگەیاند، بەهۆی شەڕی نێوان بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین و ئیسرائیل، کە 12 رۆژە بەردەوامە، 3478 کەس لە غەززە کوژراون و 12065 کەسیش بریندار بوون. دەشڵێت، "12845 شوێنی نیشتەجێبوون بە تەواوەتی رووخان و 121 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونیش زیانیان بەرکەوتووە."
 
شەوی چوارشەممە 18-12-2023 نووسینگەی میدیایی حکومی لە غەززە لەبارەی دوایین ئامارەکانی تایبەت بە شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماسی فەلەستین و ئیسرائیل، رایگەیاند، "تاوەکو کاژێر 08:00ی ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 18ی ئۆکتۆبەر 3478 کەس لە غەززە شەهید بوون، 12065 کەسیش بریندار بوون."
 
نووسینگەکە ئاشکراشی کردووە، بەهۆی شەڕەکانەوە، 4821 باڵەخانەی نیشتەجێبوون بە تەواوەتی رووخاون، کە 12845 یەکەی نیشتەجێبوونیان تێدابووە، هەروەها 121 یەکەی نیشتەجێبوون زیانیان بەرکەوتووە کە 9055یان بە هیچ شێوەیەک بۆ ژیانکردن تێیاندا گونجاو نین."
 
ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس دوای ئەوە دەستیان پێکرد، کە بەیانیی رۆژی شەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ی دژی ئیسرائیل راگەیاند، ئیسرائیلش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی "شمشێری پۆڵایین"ی راگەیاند.
 
رۆژی چوارشەممە 18-10-2023 تەندروستیی غەززە بڵاویکردەوە، ژمارەی کوژراوان لە شەڕی نێوان غەززە و ئیسرائیل گەیشتووەتە 3478 کەس و زیاتر لە 12 هەزار کەسیش بریندار بوون. هاوکات، بەرپرسانی ئیسرائیلیش بڵاویانکردەوە، بەهۆی تۆپباران و مووشەکەکانی حەماسەوە تاوەکو ئێستا 1403 کەس کوژراون و نزیکەی 3800 کەسیش بریندارن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە