سەرۆکی میسر: با خەڵکی غەززە بچنە بیابانی نەقەب لە ئیسرائیل

19-10-2023
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی میسر رەتیکردەوە ئاوارەکانی غەززە وەربگرێت و رایگەیاند، دەتوانن بچنە بیابانی نەقەب لە ئیسرائیل.
 
رۆژی چوارشەممە 18-10-2023 عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر لە قاهیرە لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ئۆلاف شۆڵز، راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، "میسر رەتیدەکاتەوە ئاوارەکانی فەلەستین بباتە نیمچەدوورگەی سینا، چونکە ئەو شوێنە دەبێتە بنکەی هێرشەکانی حەماس و ئیسرائیل."
 
سەرۆکی میسر لەجیاتی بیابانی سینا، شوێنێکی دیکەی بۆ ئاوارەکانی فەلەستین دەستنیشان کرد و گوتی، "پێشووتر بە جەنابی راوێژکارم گوتووە و ئێستاش بۆ رای گشتی رایدەگەیێنم کە ئاوارەکانی فەلەستین دەتوانن بچنە بیابانی نەقەب تاوەکو ئەو کاتەی شەڕەکەی ئیسرائیل و حەماس تەواو دەبێت."
 
سیسی داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، پەلە بکات لە رێگریکردنی لە هەڵکشانی زیاتری شەڕەکە، کە بە گوتەی ئەو "لەوانەیە لە کۆنترۆڵ دەربچێت."
 
لای خۆیەوە شۆڵز گوتی، "ئەڵمانیا هەوڵدەدات رێگری بکات لەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکەوێتە نێو ئاگری شەڕەوە، بۆیە داوا لە ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان دەکەم کە دەست لەو شەڕە وەرنەدەن."
 
هەمان رۆژ سیسی و جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا رێککەوتن لەسەر کردنەوەی سنووری رەفەح و ناردنی کۆمەکی مرۆیی بۆ خەڵکی غەززە.
 
رۆژی یەکشەممە 15-10-2023 دەزگای فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە پاڵپشتیی پەنابەرانی فەلەستینی دەکات، رایگەیاند، "لانیکەم یەک ملیۆن کەس لە غەززە بێ ماڵن و ئاوارە بوون."
 
جولیەت تۆما، بەرپرسی پەیوەندییەکانی ئاژانسی کار و فریاگوزاریی نەتەوە یەکگرتووەکان ناسراو بە UNRWA گوتی، "ئەگەری زۆرە ئەو ژمارەیە زیاد بکات، چونکە خەڵک بەردەوامن لە چۆڵکردنی ماڵەکانیان."
 
بەیانیی رۆژی شەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ی دژی ئیسرائیل راگەیاند. ئیسرائیلیش لە وەڵامی حەماسدا ئۆپەراسیۆنی "شمشێری ئاسنین"ـی راگەیاند."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە