رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
ساتی رادەستکردنی تەرمی بارمتەی ئیسرائیلی لەلایەن حەماسەوە بە خاچی سووری نێودەوڵەتی
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ یەکشەممە حکومەتی ئیسرائیل رایگەیاند، حەماس تەرمی ژمارەیەکی دیکەی لە بارمتەکان رادەستکردووەتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دواکەوتن لە دۆزینەوەی تەرمەکانی ژێر داروپەردووی غەززە هەڕەشە لە ئاگربەستە هەستیارەکە دەکات.
پرسی تەرمی ئەو بارمتانەی هێشتا لە غەززەن، بووەتە خاڵێکی سەرەکی لە جێبەجێکردنی ئاگربەستەکەدا، ئیسرائیل کردنەوەی دەروازەی سەرەکیی کەرتەکەی بە گەڕاندنەوەی تەرمی هەموو بارمتەکانەوە بەستووەتەوە.
ئاژانسە فریاگوزارییەکان داوایانکردووە دەروازەی سنووریی رەفەح لەگەڵ میسردا بکرێتەوە بۆ خێراکردنی گەیاندنی خۆراک، سووتەمەنی و دەرمان.
هاوکات، تیمە فریاگوزارییەکانی غەززە، سەرەڕای ئاگربەستەکە دەڵێن، ئیسرائیل هێرشەکانی نەوەستاندووە.
شەوی شەممە کەتیبەکانی عیزەدین قەسام، باڵی سەربازیی حەماس، لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەی بە نێوەندگیریی ئەمریکا لەگەڵ ئیسرائیل کراوە، تەرمی دوو بارمتەیان رادەستکرد.
نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، پشتڕاستیکردەوە کە خاچی سوور رووفاتەکانی وەرگرتووە و رادەستی هێزەکانی ئیسرائیلی کردووە بۆ ئەوەی پشکنینیان بۆ بکرێت و ناسنامەیان دەستنیشان بکرێت.
نەتەنیاهوو هۆشداریدا تاوەکو حەماس چەک دانەنێت و کەرتی غەززە لە چەک دانەماڵدرێت، شەڕ لە غەززە کۆتایی نایەت.
ئەو بە کەناڵی 14ی ئیسرائیلی گوت، "کاتێک ئەوە بە سەرکەوتوویی تەواو بوو، کە هیوادارین بە خۆشی تەواو بێت، بەڵام ئەگەر نا، بە ناخۆشی – ئەوکاتە شەڕ کۆتایی دێت."
نەتەنیاهوو، کە درێژترین ماوەی سەرۆکوەزیرانیی لە ئیسرائیلدا هەیە، بە کەناڵەکەی گوت ساڵی داهاتوو لە هەڵبژاردندا بەشدار دەبێت و چاوەڕێی بردنەوە دەکات.
حەماس تاوەکو ئێستا دژی چەکدانان وەستاوەتەوە و لەوەتەی شەڕ راوەستاوە، دەستی بە جووڵە کردووە بۆ دووبارە سەپاندنی کۆنترۆڵی خۆی بەسەر غەززەدا.
رۆژی شەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند کە "هەواڵی باوەڕپێکراو"ـی هەیە کە حەماس پلانی هێرش بۆ سەر خەڵکی سڤیل لە غەززە دادەنێت و هۆشداریدا کە ئەمە "پێشێلکردنی ئاگربەست" دەبێت.
دەروازەی رەفەح داخراوە
لە چوارچێوەی ئاگربەستەکە، حەماس هەر 20 بارمتە زیندووەکە و لەگەڵ تەرم یان رووفاتی 12 بارمتەی دیکەی رادەست کردووەتەوە.
لە بەرامبەردا، ئیسرائیل لەوەتەی ئاگربەستەکە لە 10ی تشرینی یەکەمەوە چووەتە واری جێبەجێکردنەوە، نزیکەی دوو هەزار زیندانیی فەلەستینی و تەرمی 135 فەلەستینی رادەست کردوونەتەوە.
حەماس رایگەیاندووە پێویستی بە کات و هاوکاریی تەکنیکی هەیە بۆ دۆزینەوەی تەرمەکانی دیکە لەژێر داروپەردووی غەززەدا.
نووسینگەی نەتەنیاهوو رایگەیاندووە: "فەرمانیکردووە دەروازەی رەفەح تاوەکو ئاگادارکردنەوەیەکی دیکە بە داخراوی بمێنێتەوە". گوتیشی: "کردنەوەی دەروازەکە لەسەر بنەمای ئەوە تاوتوێ دەکرێت کە حەماس چۆن بەشی خۆی لە گەڕاندنەوەی بارمتەکان و تەرمی کۆچکردووان و چوارچێوە رێککەوتن لەسەرکراوەکە جێبەجێ دەکات".
بەردەوامیی کوشتار لە غەززە
سەرەڕای ئاگربەست، ئیسرائیل بەردەوامە لە کوشتنی خەڵکی سڤیلی غەززە.
بەرگریی شارستانیی غەززە، رۆژی شەممە رایگەیاند، تەرمی نۆ فەلەستینیی ئەندامی یەک خێزانیان دۆزیوەتەوە، دوای ئەوەی هێزەکانی ئیسرائیل دوو گوللە تانکیان بە پاسێکەوە ناوە. ئاژانسەکانی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسی ئەمریکی و فرانس پرێسی فەرەنسی ڤیدیۆی گەڕاندنەوەی تەرمەکانیان لە شوێنی رووداوەکە بڵاوکردەوە.
ئوم محەممەد شەعبان، داپیرەی کوژراوەکان گوتی: "کچەکەم، منداڵەکانی و هاوژینەکەی؛ کوڕەکەم، منداڵەکانی و هاوژینەکەی کوژران. چییان کردبوو؟"
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، تەقەی لە ئۆتۆمبێلێک کردووە کە لە "هێڵی زەرد" نزیکبووەتەوە و هیچ زانیارییەکی لەسەر ژمارەی قوربانییەکان نەداوە.
مەبەست لە هێڵی زەرد ئەو سنوورەیە کە بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە قۆناخی یەکەمی ئاگربەست دانراوە. هێرشەکەی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر ڤانەکە وێڕای ئەوە دێت کە هیچ نیشانەیەکی روون بۆ هێڵەکە لەسەر زەوی دانەنراون.
بەگوێرەی بەرگریی شارستانیی غەززە، لە سەرەتای ئاگربەستەوە، ئیسرائیل 38 کەسی لە غەززە کوشتووە.
تۆم فلێچەر، بەرپرسی فریاگوزاریی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆژی شەممە لە باکووری غەززە بوو، کە لەدوای داخرانی دەروازەی رەفەحەوە هاوکارییەکی سنووردار گەیشتووەتە ئەوێ.
ئەو بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە، "ئەمە بەشێکی فراوانی شارەکەیە، تەنیا وێرانەیەکە – و بینینی تەواو دڵتەزێنە". فلێچەر ئەرکی بەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسە فریاگوزارییەکانی بە "کارێکی زۆر زۆر گەورە" ناوبرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ