رووداو دیجیتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، 20 کارمەندی رێکخراوەکە، کە 15یان بیانین، هێشتا لەلایەن حووسییەکانەوە دەستبەسەرن، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە رۆژی شەممە چەکدارانی گرووپەکە لە سەنعای پایتەخت هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان.
رۆژی یەکشەممە 19-10-2025 جین ئالەم، گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان لە یەمەن رایگەیاند: "پێنج کارمەندی نیشتمانی و 15 کارمەندی نێودەوڵەتی لەنێو باڵەخانەکەدا دەستبەسەر ماونەتەوە."
رووداوەکە رۆژی شەممە روویدا کاتێک چەکدارانی حووسی "بەبێ مۆڵەت" چوونە نێو کۆمەڵگەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەنعا، کە لەو کاتەدا 15 کارمەندی نێودەوڵەتی تێدابوو. هەرچەندە لە سەرەتادا راگەیێنرا کە هەموو کارمەندان "سەلامەتن و پەیوەندییان بە خێزانەکانیانەوە کردووە،" بەڵام دەرکەوت کە ئازاد نەکراون.
زیادبوونی گرژییەکان و تۆمەتی "سیخوڕی"
ئەم هەڵکوتانە نیشاندەری پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان حووسییەکان و ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە.
رۆژی پێنجشەممە، عەبدولمەلیک حووسی، سەرکردەی بزووتنەوەکە رایگەیاندبوو کە "یەکێک لە مەترسیدارترین شانەکانی سیخوڕی"یان هەڵوەشاندووەتەوە، کە "پەیوەندیی بە رێکخراوە مرۆییەکانی وەک بەرنامەی جیهانیی خۆراک و یونیسێفەوە" هەبووە.
لە وەڵامدا گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو تۆمەتانەی بە "مەترسیدار و قبووڵنەکراو" وەسفکرد و هۆشداری دا،"سەلامەتیی کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەخاتە مەترسییەوە و ئۆپەراسیۆنە مرۆییە گرنگەکان تێکدەدات."
بەپێی داتاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە مانگەکانی رابردوودا 53 کارمەندی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حووسییەکاندا دەستبەسەرکراون. پێشتریش لە 31ی ئاب، هێزەکانی حووسی هەڵیانکوتایە سەر چەند نووسینگەیەکی دیکەی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەلایەنی کەمەوە 11 کارمەندیان بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل دەستبەسەرکرد.
بەهۆی خراپبوونی دۆخی ئەمنییەوە، نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگیی کاروباری مرۆیی (OCHA) لە نێوەڕاستی مانگی ئەیلوولدا بارەگای سەرەکیی خۆی لە سەنعاوە گواستەوە بۆ عەدەن، پایتەختی کاتیی حکومەتی دانیپێدانراوی یەمەن.
دوای زیاتر لە دەیەیەک لە شەڕی ناوخۆ، یەمەن هێشتا بەدەست یەکێک لە خراپترین قەیرانە مرۆییەکانی جیهانەوە دەناڵێنێت و بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان، ملیۆنان کەس بۆ مانەوە لە ژیان پشتیان بە هاوکاریی نێودەوڵەتی بەستووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ