رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی هەواڵی رفاندنی کەشتییەک بە 25 سەرنشینەوە، لە دەریای سوور بڵاوبووەوە، حووسییەکانی یەمەن بەرپرسیارێتیی خۆیان لەو رووداوە لە ئەستۆگرت و رایانگەیاند، هەموو کەشتییەکی ئیسرائیلی ئامانجی شەرعی ئەوانە، تاوەکو دەستدرێژییەکانی سەر غەززە نەوەستێت، ئۆپەراسیۆنەکانیان بەردەوام دەبن و دەشڵێن، بەگوێرەی بنەماکانی ئایینی ئیسلام مامەڵە لەگەڵ سەرنشینەکان دەکەن.
رۆژی یەکشەممە، 19-11-2023، یەحیا سەریع، گوتەبێژی حووسییەکانی یەمەن رایگەیاند، "دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە ئیسرائیلییەکەی دەریای سوور پشتڕاستدەکەینەوە. کەشتییەکە و ستافەکەیمان بەرەو کەناراوەکانی یەمەن بردووە." لەبارەی چارەنووسی بارمتەکانەوە گوتی، "بەگوێرەی بنەماکانی ئایینی ئیسلام مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین."
لە بەشێکی قسەکانیدا، سەریع هۆشداریدا، "هەموو کەشتییەکی ئیسرائیل یان سەر بە ئیسرائیل لە دەریای سوور دەبێتە ئامانجی شەرعیی هێزەکانی حووسی."
چەند کاژێرێک پێش ئەو راگەیێندراوە، میدیای ئیسرائیل لە زاری حکومەتی ئەو وڵاتەوە رایگەیاند، "حووسییەکانی یەمەن کەشتییەکیان بە 25 سەرنشینەوە لە دەریای سوور رفاندووە. حووسییەکان دەڵێن کەشتییەکە ئیسرائیلییە، بەڵام هیچ هاوڵاتییەکی ئیسرائیلی لەسەر کەشتییە نییە."
هەروەک بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل باسیکرد، "ئەو 25 کەسە خەڵکی وڵاتانی ئۆکراینا، مەکسیک، فلیپین و بولگاریان. بە دڵنیاییەوە هیچ هاووڵاتییەکی ئیسرائیلی لەسەر ئەو کەشتییە نین. ئیسرائیل هیچ بەشدارییەکی لە خاوەندارێتی، کارپێکردن یان دروستکردنی ئەو کەشتییە نییە."
نەتەنیاهوو لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی رایگەیاند، "ئەمەش کردەوەیەکی دیکەی تیرۆریستیی ئێرانییە کە دەریدەخات ئێران چەندە خواستی شەڕی هەیە لە دژی هاووڵاتییانی جیهانی ئازاد."
یەحیا سەریع هەروەها گوتی، "بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنەکانمان لە دژی ئیسرائیل پشتڕاست دەکەینەوە، تاکو دەستدرێژی و تاوانە قێزەونەکانی ئیسرائیل لە دژی برایەکانمان لە غەززە و کەرتی رۆژئاوا دەوەستێت."
بەرپرسێکی هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل لە پەیامێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "رفاندنی کەشتییە بارهەڵگرەکە لەلایەن حووسییەکان لە نزیک یەمەن لە باشووری دەریای سوور رووداوێکی زۆر جیدییە لە سەر ئاستی جیهان. ئەو کەشتییە لە تورکیاوە بەرەو هیندستان دەڕۆیشت و گرووپێکی سڤیلی لەگەڵە و هیچ هاووڵاتییەکی ئیسرائیلی لێنییە. ئەو کەشتییە، کەشتییەکی ئیسرائیلی نییە."
چەند بەرپرسێکی ئەمریکی ئاشکرایان کردووە، "ناوی کەشتییەکە گالاکسی لیدەرە، ئاڵایەکی وڵاتی باهاماسی بەسەرەوە بووە، ئەو چەکدارانە لە کۆپتەرەوە خۆیان هەڵداوەتە سەر کەشتییەکە."
بەرپرسێک لە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، "ئێمە ئاگاداری بارودۆخەکەین و لە نزیکەوە چاودێرییان دەکەین."
حوسییەکان کە لە ساڵی 2014ـەوە دەستیان بەسەر سەنعای پایتەختی یەمەندا گرتووە، خۆیان بە بەشێک لە "بەرەی بەرهەڵستکار"ـی دژی ئیسرائیل دادەنێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ