رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
دووکەڵ بەرز دەبێتەوە لە کاتی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی ئیسرائیل لە شاری غەززە. 29ی ئەیلوولی 2025. وێنە: Reuters
رووداو دیجیتاڵ
پێنج سەرچاوە لە حکومەتی یەمەن رایانگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داوای لە یەمەن کردووە بچێتە نێو ئەو هێزە نێودەوڵەتییەی کە بڕیارە وەک بەشێک لە پلانی ئاشتیی دۆناڵد ترەمپ لە غەززە جێگیر بکرێت. دیپلۆماتێکی باڵای یەمەنیش دەڵێ، هەر بەشدارییەک تاڕادەیەکی زۆر "هێمایی" دەبێت.
رۆژی چوارشەممە 19-11-2025، پێنج سەرچاوەی حکومەتی یەمەن، لەنێویاندا بەرپرسانی باڵا رایانگەیاند، ئەمریکا داوای لە یەمەن کردووە بچێتە نێو هێزی نێودەوڵەتی لە غەززە.
هەفتەی رابردوو نەتەوە یەکگرتووەکان پلانی ئاشتیی ترەمپی پەسند کرد، بەڵام جێبەجێکردنەکەی رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بووەتەوە، چونکە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دوودڵن لە بەشداریکردن لە هێزێکی سەقامگیرکردنی نێودەوڵەتیدا (ISF) کە رەنگە رووبەڕووی چەکدارانی فەڵەستینی ببێتەوە.
سەرچاوەکان، کە لەنێویاندا دیپلۆماتێکی باڵای یەمەن، بەرپرسێکی سەربازی و بەرپرسێک لە ئەنجوومەنی سەرۆکایەتی رایانگەیاندووە، حکومەتی یەمەن هێشتا بڕیاری نەداوە.
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی سەرۆکایەتی و دیپلۆماتە یەمەنییەکە گوتیان، هەر بەشدارییەک لەو هێزەدا تاڕادەیەکی زۆر "هێمایی" دەبێت.
بەرپرسێکی باڵای سەربازی رایگەیاند: "بەشداریکردنی یەمەن لە هێزە نێودەوڵەتییەکەدا لەگەڵ ئەمریکییەکان گفتوگۆی لەسەر کراوە، بەڵام هێشتا داوایەکی فەرمیمان بۆ چوونە پاڵ هێزەکە پێنەگەیشتووە."
حکومەتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتیی یەمەن تاڕادەیەکی زۆر پارچەپارچە و لاوازە و لە ساڵی 2014ـدا لەلایەن حووسییەکانەوە لە سەنعای پایتەخت دەرکراوە، کە ئێستا کۆنترۆڵی زۆربەی یەمەنیان کردووە.
حەماس دژی دامەزراندنی ئەو هێزەیە و پێدەچێت حووسییەکانی هاوپەیمانیشی تووڕە بن لە بەشداریکردنی یەمەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ