بەرپرسێکی حەماس: گرووپی دووەمی بارمتە و بەندکراوەکانی ئیسرائیل و غەززە شەممە ئاڵۆگۆڕ دەکرێن

20-01-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی بزووتنەوەی حەماس دەڵێت، شەممەی داهاتوو (25ـی ئەم مانگە) دووەم گرووپی بارمتەی ئیسرائیلی و بەندکراوانی فەلەستینی ئاڵوگۆڕ دەکرێن.
 
ئەمڕۆ (دووشەممە) ئیسرائیل 90 بەندکراوی فەلەستینیی ئازاد کرد، دوای ئەوەی حەماس سێ بارمتەی ئیسرائیلی رادەستکردنەوە، کە یەکەمین گرووپ بوون لە چوارچێوەی ئاگربەست ئاڵۆگۆڕ بکرێن. 
 
ئەو سێ بارمتەیەی رۆژی یەکشەممە ئازادکران، هەموویان ژن بوون و گەیشتنەوە لای خێزانەکانیان، پاشان گوێزرانەوە بۆ نەخۆشخانەیەک لە نێوەڕاستی ئیسرائیل. پزیشکێک رایگەیاند، دۆخیان جێگیرە.
 
چەند کاژێرێک دوای ئەوە، لە کەرتی رۆژئاوا، یەکەمین کۆمەڵەی بەندکراوە فەلەستینییەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە ئازادکران. 
 
بەندکراوەکان نزیکەی کاژێر 01:00ـی بەیانی بەکاتی نێوخۆ، کە دەکاتە 02:00ـی بەیانی بە کاتی هەولێر، بە پاس زیندانی عوفەریان جێهێشت و ژمارەیەکی زۆر خەڵك بە ئاهەنگ و دڵخۆشییەوە لە شارۆچکەی بێتونیا پێشوازییان لێکردن. 
 

لەگەڵ جێبەجێکردنی ئاگربەست لە بەیانیی رۆژی یەکشەممە، هەزاران ئاوارەی فەلەستینی دەستیان بە گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان کرد لە کەرتی وێرانکراوی غەززە.
 
لە ناوچەی جەبالیای باکوور، سەدان کەس بە رێگەیەکی خۆڵدا بەنێو دیمەنی کارەساتباری داروپەردووی باڵەخانە وێرانکراوەکاندا بەرەو باکوور رۆشتن. 
 
رەنا موحسینی تەمەن 43 ساڵ، لە جەبالیا گوتی "ئێستا لە ماڵی خۆمانین. هیچ ماڵێک نەماوە، تەنیا داروپەردووە، بەڵام ماڵی خۆمانە." 
 
ئاگربەستەکە کە بە نێوەندگیریی قەتەر، میسر و ئەمریکا واژۆکرا، لە سێ قۆناخ پێکدێت بۆ ئەوەی کۆتایی بە جەنگی 15 مانگەی وێرانکەری غەززە بهێنێت. 
 
قۆناخی یەکەمی 42 رۆژ دەبێت.  
 
یەکێک لە ئامانجەکانی قۆناخی یەکەم رێگەدانە بە گەیشتنی هاوکاریی مرۆیی پێویست بە غەززە. 
 
هەر هەفتەیەک 3 بارمتەی ئیسرائیلی بەرامبەر دەیان بەندکراوی فەلەستینی ئازاد دەکرێن، هێزەکانی ئیسرائیل لە هەندێک ناوچە دەکشێنەوە و لایەنەکان گفتوگۆ لەسەر مەرجەکانی ئاگربەستێکی هەمیشەیی دەکەن.
 
شادبوونەوە بە کەسوکار
 
سێ بارمتە ئازادکراوەکەی ئیسرائیل، ئێمیلی دەماری، رۆمی گۆنێن و دۆرۆن شتاینبرێخەر، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گەڕێندرانەوە ئیسرائیل، دوای ئەوەی چەکدارانی حەماس لە گۆڕەپانێکی قەرەباڵخی شاری غەززە لەنێو ژمارەیەکی زۆری خەڵک و چەکداردا، رادەستی خاچی سووریان کردن. 
 
ماندی دەماری، دایکی ئێمیلی گوتی "دوای 471 رۆژ ئێمیلی گەڕایەوە ماڵەوە،" بەڵام "بۆ زۆر خێزانی دیکە چاوەڕوانییە ناخۆشەکە کۆتایی نەهاتووە."
 
خێزانی شتاینبرێخەر لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد "قارەمانەکەمان، دۆدۆ، کە 471 رۆژ لە ژێر دەستی حەماسدا مایەوە، ئەمڕۆ گەشتی چاکبوونەوەی دەستپێدەکات." 
 
لە نێوەڕاستی تەلئەڤیڤ، خەڵک خۆشحاڵیی خۆیان بەرامبەر ئازادکردنی بارمتەکان دەربڕی. 
 

گرووپی خێزانەکانی بارمتە و رفێندراوانی ئیسرائیلی گەڕانەوەیانی بە "ترووسکایی" ناوبرد، لەکاتێکدا بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی ئەوان لە "تاریکییەوە" گەڕاونەتەوە.
 
لە قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکەدا بڕیارە 33 بارمتەی ئیسرائیلی، کە 31ـیان لە هێرشی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 دەستگیرکرابوون، لە غەززەوە بگەڕێندرێنەوە، لە بەرامبەر ئەوەدا نزیکەی هەزار و 900 فەلەستینی لە لایەن ئیسرائیلەوە لە زیندانەکان ئازاد دەکرێن.
 
زیاتر لە 230 لەو بەندکراوە فەلەستینییانە ئەوانەن کە پێشتر هێرشی کوشندەیان دژی ئیسرائیلییەکان کردووە و سزای بەندکردنی تاهەتاییان بۆ دەکراوە.
 
بەگوێرەی لیستێک کە لەلایەن دامودەزگەکانی ئیسرائیلەوە بڵاوکراوەتەوە، بڕیاردراوە ئەوانە لە غەززە و کەرتی رۆژئاوا دووربخرێنەوە. دوو بەرپرسی حەماس رایانگەیاندووە، ئەو بەندکراوانە بە ئەگەری زۆرەوە بۆ قەتەر یان تورکیا دوور دەخرێنەوە.
 
فەرمانگەی زیندانەکانی ئیسرائیل ئازادکردنی 90 بەندکراوی لە بەرەبەیانی دووشەممە پشتڕاست کردەوە.
 
لە بێتونیا، نزیک زیندانی عوفەر، خەڵک خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕی لە کاتێکدا پاسەکان بەندکراوە ئازادکراوەکانیان گەیاندنەجێ. بەشێکیان چوونە سەر بانی پاسەکان و ئاڵای حەماسیان بەرزکردەوە و هەندێکی دیکەیان یاریی ئاگرینیان تەقاند. 
 
ئەماندا ئەبو شەرخی تەمەن 23 ساڵ گوتی "هەموو بەندکراوە ئازادکراوەکانی ئەمڕۆ وەک خێزانی خۆمانن. ئەوان بەشێکن لە ئێمە، تەنانەت ئەگەر لە خوێنی ئێمەش نەبن."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە