رووداو دیجیتاڵ
تورکیا هێرشەکەی ئیسرائیلی بۆ سەر ژێرخانی سەربازی لە باشووری سووریا سەرکۆنە کرد و بە "پەرەسەندنێکی مەترسیدار"ی ناوبرد.
ئەمەش لە راگەیێندراوێکدا هاتووە کە رۆژی هەینی 20ـی ئاداری 2026 لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی تورکیاوە دەرچووە. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ژێرخانی سەربازی لە باشووری سووریا بە پەرەسەندنێکی مەترسیدار دەزانین و بە تووندی سەرکۆنەی دەکەین."
راگەیێندراوەکە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەکات بەرپرسیارێتیی خۆی لە ئەستۆ بگرێت بۆ راگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل، کە پێشێلکاریی یاسای نێودەوڵەتی و سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریایە.
لەو چوارچێوەیەدا جەخت لە گرنگیی جێبەجێکردنی رێککەوتنی ساڵی 1974ی تایبەت بە راگرتنی شەڕ و جیارکردنەوەی هێزەکان لە جۆلان کراوەتەوە، کە بە ئامادەبوونی هێزەکانی چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان (یۆندۆف) بوو.
راگەیێندراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، تورکیا لە پشتیوانییەکانی بۆ حکومەت و گەلی سووریا بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانیاندا بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و ئاسایشی هەمیشەیی لە وڵاتەکەدا، لەسەر بنەمای یەکپارچەیی خاکی سووریا و سەروەرییەکەی.
رۆژی هەینی، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "من و بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆکوەزیران رێنماییمان بە سوپا کرد کە لە ژێرخانی حکومەتی سووریا لە ناوچەی سوەیدا بدات، ئەمەش وەک وەڵامێکی راستەوخۆ بۆ ئەو زیانانەی بە دانیشتووانی درووز لە باشووری سووریا گەیێندراوە."
لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "ئەم دەستدرێژییە نوێیە کە لەژێر بیانووی لاواز و پاساوی دەستکرددا دێت، درێژکراوەی ئاشکرای سیاسەتی پەرەسەندنی داگیرکاریی ئیسرائیلە و بەردەوامیی سیاسەتی دەستوەردانە لە کاروباری ناوخۆیی بە ئامانجی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا."
دیمەشق دەڵێت، مافی یەکسان بۆ هەموو چین و توێژەکانی گەلی سووریا، لەنێویاندا درووزەکان، مسۆگەر دەکات. جەخت لەوە دەکاتەوە ئیسرائیل بیانووی درووزەکان بۆ دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی سووریادا بەکاردەهێنێت.
ئیسرائیل لە ساڵی 1967ـەوە زۆربەی بەرزاییەکانی جۆلانی سووریای کۆنترۆڵکرد و دوای رووخانی بەشار ئەسەد لە کۆتاییەکانی ساڵی 2024دا، ناوچەکانی دیکەی خستە ژێر رکێفی خۆیەوە، لەنێویاندا ناوچەی قەدەخەکراوی سووریا. تەلئەبیب دوای رووخانی بەشار ئەسەد هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنەکەی راگەیاند.
دوای ئەم قۆناخە ئیسرائیل بەردەوام دەستوەردانی سەربازیی کردووە. هەر لە چوونەژوورەوەی وشکانی، تۆپبارانکردن، بەتایبەتی لە گوندەوارەکانی قونەیترە و دەرعا (باشووری رۆژئاوا)، دەستگیرکردنی هاووڵاتیان و دانانی خاڵی پشکنین بۆ پشکنینی رێبواران و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان، جگە لە تێکدانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان.
سەرەڕای ئەوەی لە 6ی کانوونی دووەمی رابردوودا، میکانیزمێکی پەیوەندی لەنێوان سووریا و ئیسرائیل بە سەرپەرشتیی ئەمریکا بۆ هاوئاهەنگیی ئاڵوگۆڕی زانیاری، کەمکردنەوەی پەرەسەندنی سەربازی، بەشداریکردنی دیپلۆماسی و دەرفەتی بازرگانی راگەیێندرا، بەڵام دەستوەردان و هێرشەکانی ئیسرائیل هەر بەردەوامە.
دەسەڵاتدارانی سووریا دەڵێن، "بەردەوامیی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل" توانایان بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری سنووردار دەکات و رێگری لە هەوڵەکانی حکومەت دەکات بۆ راکێشانی وەبەرهێنان و باشترکردنی دۆخی ئابووری.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ