رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، تێبینی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان کردووە کە لە خاکی میسرەوە چووەتە نێو ئاسمانی ئیسرائیل و هەوڵی داوە چەک بە قاچاخ بگوازێتەوە بۆ کەرتی غەززە. سوپاکە دەشڵێت، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەیان پێش گەیشتنی بە ئامانجەکەی لە کەرتی غەززە، خستووەتەخوارەوە.
رۆژی سێشەممە، 20ی ئایاری 2025، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا ئەو زانیارییەی بڵاوکردەوە.
سوپاکە ئاماژەی بەوەشکرد، دوای پشکنینی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە لەلایەن تیمی پسپۆڕەوە، دەرکەوتووە کە 19 دەمانچە، سێ تفەنگ و بڕێک تەقەمەنی و گوللـەی جۆراوجۆری هەڵگرتبوو. سوپاکە روونیشیکردەوە کە لێکۆڵینەوە لەبارەی سەرچاوەی چەکەکان و وردەکاریی زیاترەوە بەردەوامە.
دەستبەسەرداگرتنی ئەم چەکانە لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوانی لە کەرتی غەززە دەستپێکردووە.
هاوکات، وەزارەتی تەندروستی لە غەززە رایگەیاند، تەنیا لەنێوان کاژێر 1:00 بۆ 8:00ی بەیانیی ئەمڕۆ (سێشەممە، 20ی ئایاری 2025)، بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە، لانیکەم 44 هاووڵاتیی فەڵەستینی گیانیان لەدەستداوە، کە زۆرینەیان ژن و منداڵ بوون.
لە 15ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، ئیسرائیل و حەماس گەیشتبوونە رێککەوتنی ئاگربەست، کە لە 19ی هەمان مانگ چووە بواری جێبەجێکردنەوە. بەڵام لە 18ی ئاداری ئەمساڵ، ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکردەوە، دوای ئەوەی قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکە لە 2ی ئادار کۆتاییهات و هەردوولا لەسەر درێژکردنەوەی رێکنەکەوتن.
جەنگی ئێستا لە کەرتی غەززە، لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 بە هێرشێکی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد. کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە و پرسی ئیدارەدانی داهاتووی کەرتەکە، وەک ئاڵنگاریی سەرەکی لەبەردەم هەر رێککەوتنێکی سیاسیی نێوان هەردوولادا ماونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ