سوپاسالاری ئیسرائیل: رۆژانی سەخت چاوەڕێمانە و لە ئاڵۆزترین هەڵمەتی مێژوومانداین

21-06-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سوپاسالاری ئیسرائیل رایگەیاند، خۆیان بۆ هەڵمەتێکی درێژخایەن دژی ئێران ئامادە دەکەن و ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەڕای دەستکەوتە بەرچاوەکان، رۆژانی سەخت چاوەڕێیان دەکات.
 
ئیال زامیر، سوپاسالاری ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رۆژی 20ی حوزەیران رایگەیاند، "دەستمان بە ئاڵۆزترین هەڵمەتی مێژووی خۆمان کردووە بۆ نەهێشتنی هەڕەشەیەک بەم قەبارەیە، دژی دووژمنێکی لەم شێوەیە. دەبێت بۆ هەڵمەتێکی درێژخایەن ئامادە بین."
 
سوپاسالاری ئیسرائیل هۆکاری هێرشەکەی بە "گورزێکی پێشوەختە" وەسف کرد و گوتی، ئێران بەرهەمهێنانی مووشەکی زیادکردووە، "پێشبینی دەکرێت لە ماوەی دوو ساڵدا ببێتە خاوەنی 8000 مووشەک، هەروەها کار لەسەر کۆکردنەوەی سیستمی مووشەکهاوێژ و چەکی ئەتۆمی دەکات."
 
زامیر جەختی لەوە کردەوە، سوپای ئیسرائیل "ساڵانێکە خۆی بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنە ئامادە دەکات." گوتیشی، "مێژوو لێمان خۆش نابێت ئەگەر ئێستا دژی هەڕەشەیەکی بەرجەستە بۆسەر ئیسرائیل کار نەکەین."
 
سەبارەت بە دەستکەوتەکانی 8 رۆژی رابردووی هێرشەکە، ئیال زامیر رایگەیاند، "سەرکردایەتیی باڵای دووژمنمان لەناوبرد، زیانێکی گەورەمان بە پێکهاتەکانی پرۆگرامی ئەتۆمی گەیاند، رێڕەوێکی ئاسمانیمان بۆ تاران کردەوە، شوێنی نزیکەی نیوەی سەکۆکانی مووشەکهاوێژمان دەستنیشان کرد و لەناومانبردن، چەند خولەکێک پێش ئەوەی بهاوێژرێن، دووژمنیشمان تووشی شۆک کرد، سەرەڕای ئەوەی لە حاڵەتی ئامادەییدا بوو."
 
هاوکات، زامیر دانی بەوەدا نا کە ئیسرائیل لە قۆناخێکی سەختدایە و گوتی، "سەرەڕای ئەو دەستکەوتانەی بەدەستمان هێناون، رۆژانی سەخت چاوەڕێمان دەکات. دەبێت بە وریایی و یەکگرتوویی بمێنینەوە تاوەکو ئەرکەکە تەواو دەبێت."
 
لە کۆتاییدا ئاماژەی بە فرەلایەنیی جەنگەکە کرد و گوتی، ئیسرائیل "لە نێوەندی شەڕێکی فرەلایەنەدایە، شەڕ لە غەززە بەردەوامە و بەداخەوە باجێکی قورس بە گیانی جەنگاوەرەکانمان دەدەین."
 
لەبارەی ئەو 53 بارمتەیەی هێشتا لە غەززەن، زامیر گوتی، "ئەو رێکارانەی لەم رۆژانەدا لە ئێران دەیانگرینەبەر، یارمەتیدەر دەبن بۆ گەڕاندنەوەیان."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە