رووداو دیجیتاڵ
جیهان چاوەڕێیە بزانێ کەسی ژمارە یەکی کۆشکی سپی سەبارەت بە جەنگی ئیسرائیل و ئێران چ بڕیارێک دەدات لەکاتێدا خۆی دوو هەفتەی بۆ دیپلۆماسییەت دیاریکردووە.
شۆن بێل، شارەزای سەربازییە و دەڵێت، "روونە کە ئەمریکا گەرەنتیکەری ستراتیژی ئاسایشی ئیسرائیلە، بەڵام لەلایەکی دیکەوە ئەگەر ئەمریکا تێکەڵی ئەم جەنگە بێت، سەرباز و بەرژوەندییەکانی دەکەونە ژێر هەڕەشەی مووشەکەکانی ئێرانەوە".
لە 7 رۆژی رابردوودا ئێران بە پلەبەندی 5 جۆر مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە، لە مووشەکی حاجی قاسم کە مەوداکەی هەزار و 400 کیلۆمەترە تاوەکو مووشەکی فەتاح یەک، خەیبەر شکێن، سیجیل-ی دوو هەزار کیلۆمەتری و دوا مووشەکەشی هەڵگری کڵاوێكی پڕ لە تەقینەوە بوو.
بەشێکیان بەر لەوەی بگەنە ئاسمانی ئیسرائیل و بەشێكیان لە نێو ئەو وڵاتە تێکدەشکێندرێن، بەڵام هەندێکیان ئامانجەکانیان دەپێکن و زیانێکی بەرچاویشیان هەبووە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "لەوانەیە ناچارن بین بجەنگین و لەوانەشە بە خێرایی کۆتایی بێت، بەڵام ناتوانین رێگە بدەین ئێران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی، چونکە هەموو جیهان دەتەقێتەوە و منیش رێگە بەوە نادەم".
سێ فڕۆکەهەڵگر، سەتان فڕۆکەی ئێف-15 و 16 و 35 و فڕۆکەی بی 2ی دوو ملیار دۆلاری لە 9 بنکە و ناوەندی سەربازیی ئەمریکی لە ناوچەکەدا هەن.
لانیکەم 45 هەزار سەرباز و کارمەند و سەتان دیپلۆمات لە نزیکەی ئەو 9 بنکەیە، 11 باڵیۆزخانە، 4 گەورە کۆنسوڵخانە و 15 ناوەندی دیپلۆماسیی دیکە تایبەت بە شاندەکانی ئەمریکا و وڵاتانی هاوبەشی هەن.
لەگەڵ چڕتربوونی هێرشە مووشەکییەکانی ئیسرائیل و ئێران و بچووکبوونەوەی پەنجەرەی دیپلۆماسی، دەرگەی بەشداریکردنی ئەمریکاش لە جەنگەکە واڵاتر دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ