رووداو دیجیتاڵ
ئەو کەشتییەی کە لە قوبرسەوە بەرەو غەززە بەڕێکەوتبوو، گەیشتە بەندەری ئەشدۆدی ئیسرائیل. کەشتییەکە 1200 تۆن خۆراکی هەڵگرتووە بۆ دابەشکردن بەسەر خەڵکی برسیی غەززەدا.
کەشتیی هێنکی (HENKE) ئاڵای پەنەمای لەسەر هەڵکراوە و، 52 کۆنتێنەر خۆراکی وەک ماکەرۆنی، برنج، خۆراکی منداڵان و خواردنی لەقوتوونراوی هەڵگرتووە. بەرپرسانی گومرگی ئیسرائیل لە بەندەری لیماسۆلی قوبرس پشکنینیان بۆ یارمەتییەکان کردبوو، کە رۆژی دووشەممە لەوێوە بەڕێکەوتبوو.
کەشتییەکە گەیشتووەتە بەندەری ئەشدۆد و لەنگەری گرتووە و بڕیارە دەست بە داگرتنی هاوکارییەکان بکرێت.
نزیکەی 700 تۆن لە یارمەتییەکان لەلایەن قوبرسەوە دابینکراوە و بە پارەی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بۆ سندووقی ناسراو بە "ئەمالسیا" کڕدراوە. بەشەکەی دیکەی یارمەتییەکان لە ئیتاڵیا، حکومەتی ماڵتا، رێکخراوێکی ئایینی کاسۆلیکی لە ماڵتا و رێکخراوی ناحکومی کوەیتی "کۆمەڵەی ئەلسەلام"ـەوە هاتووە.
ئەمالسیا (Amalthea Fund) سندووقێکی تایبەتە کە بۆ کۆکردنەوەی بەخشینی دارایی لە وڵاتانەوە دامەزراوە بە مەبەستی ئاسانکاری و هاوئاهەنگی بۆ گەیاندنی یارمەتی مرۆیی بۆ کەرتی غەززە.
کۆنستانتینۆس کۆمبۆس، وەزیری دەرەوەی قوبرس بە ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێسی راگەیاند، "دۆخەکە [دۆخی غەززە] لەوپەڕی خراپیدایە."
پار، قوبرس وەک ناوەندێک بۆ گەیاندنی 22 هەزار تۆن یارمەتی لەڕێگەی کەشتییەوە راستەوخۆ بۆ غەززە کاری دەکرد، ئەمەش لەڕێگەی رێڕەوێکی دەریاییەوە کە لەلایەن رێکخراوی خێرخوازیی نێودەوڵەتی و دامەزراوەیەکی سەربازی ئەمریکی ناسراو بە سیستمی "لۆجستی هاوبەش لە کەنار دەریا" بەڕێوەدەبرا.
جۆرج مۆرێرا دا سیلڤا، سەرۆکی نووسینگەی کاروباری پڕۆژەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، گەیاندنی هاوکارییەکەی بە "هەنگاوێکی چارەنووسساز بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکان لە غەززە" وەسف کرد.
دا سیلڤا لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی، "پێویستیمان بە هاتووچۆیەکی خێرا و بێ بەربەست و سەلامەتی هاوکارییە مرۆییەکانە بۆ هەموو ئەو هاووڵاتییە سڤیلانەی کە پێویستیان پێیەتی."
رۆژی سێشەممە، وەزارەتی دەرەوەی قوبرس رایگەیاند، ئەرکی ئەمجارە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت، بەڵام هەوڵێکی هەمەلایەنەیە و کاتێک بارەکە دادەگیرێت، کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان رێکی دەخەن بۆ ئەوەی یارمەتییەکان بە بارهەڵگر بگوازرێنەوە بۆ کۆگەکان و وێستگەکانی خۆراک.
کۆنستانتینۆس کۆمبۆس گوتی، "بەشداری هەموو لایەنە بەشداربووەکان زۆر گرنگە."
گەیاندنی یارمەتی بە کەشتی، دەتوانێت بڕێکی زۆر زیاتر یارمەتی بگەیێنێت بە بەراورد لەگەڵ یارمەتییەکان لە ئاسمانەوە کە چەندین وڵات لەم دواییانەدا لە غەززە بەو رێگەیە یارمەتییان گەیاندووە.
هەوڵەکانی نێوەندگیران، میسر و قەتەر، بە پشتیوانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، تائێستا بۆ مسۆگەرکردنی ئاگربەستێکی هەمیشەیی لەو ململانێیەدا کە بووەتە هۆی قەیرانێکی مرۆیی ترسناک لە کەرتی غەززە، شکستیان هێناوە.
بەڵام دووشەممەی رابردوو، حەماس رایگەیاند، پێشنیارێکی نوێی لە نێوەندگیرە عەرەبەکانەوە بۆ ئاگربەست قبووڵ کردووە.
میسر رایگەیاند، پێشنیازە نوێیەکەیان بۆ ئیسرائیل ناردووە و گوتی "ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەواندایە." ئیسرائیل هێشتا وەڵامی نەداوەتەوە.
رۆژی 16ـی ئابی 2025، ئەفیغای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە ئێکس بڵاویکردەوە، "لەسەر راسپاردەی ئاستی سیاسی و ئامادەکاری سوپای ئیسرائیل بۆ گواستنەوەی غەززەییەکان لە ناوچەکانی شەڕ بۆ باشووری کەرتی غەززە و دڵنیاییدان لە سەلامەتییان، خێوەت و پێداویستی پەناگە دەدەنە خەڵکی ناوچەکە."
رۆژی 8ی مانگیش، کابینەی جەنگیی وڵاتەکە بڕیاری فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر کەرتی غەززەدا و هەڕەشەی کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی کەرتەکەی کرد کە ئێستا 75%ـی لەدەستە.
ئەدرەعی ئاماژەی بەوەش کرد، سوپای وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە ئۆپەراسیۆنەکانی بە گوێرەی یاسای نێودەوڵەتی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ