رووداو دیجیتاڵ
سیلۆم یان سیلوان یان شیلوان، ئەو نووسراوە بەردینەی کە بووەتە هۆی کێشەی نێوان ئیسرائیل و تورکیا. سیلۆم نووسراوێکی بەردینە و بە KAI 189 ناسراوە، مێژووەکەی بۆ سەدەی 8ـی پێش زایین دەگەڕێتەوە و لە ئۆرشەلیم/قودس دۆزراوەتەوە. ئێستا بەردەکە لە تورکیایە، ئیسرائیل داوای دەکاتەوە و ئەنقەرەش نایداتەوە.
بەردەکە تەمەنی زیاتر لە 2700 ساڵە، لەساڵی 1880 لە توونێلێکی شاری داوود لە رۆژهەڵاتی قودس دۆزرایەوە. ئەوکاتە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لەو ناوچەیە بوون و بەردەکە بۆ تورکیا نێردرا.
رۆژی هەینی 19-09-2025، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە ئیستەنبووڵ گوتی: "ئێستا، بێشەرمانە هێشتا بەدوای ئەو نووسراوەوەن. ئێمە پێتانی نادەین، یەک پارچە زیخی بچووکی قودسی شەریفتان پێنادەین. ئێمە میراتگری سوڵتان عەبدولحەمیدین و لەسەر هەمان رێگە دەڕۆین. تاوەکو ئەم گیانە لەم جەستەیەدا بێت، پشتیوان بە خوا، ئەمانەتی باوباپیرانمان دەپارێزین و هەرگیز دەست لە قودس هەڵناگرین."
قسەکەی ئەردۆغان دوای ئەوە هات، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، لە ساڵی 1998 داوای لە تورکیا کردووە ئەو پارچە بەردەیان بۆ بگەڕێنێتەوە.
بەردەکە نووسینی لەسەرە و لە مۆزەخانەی شوێنەواری ئیستەنبووڵە و بە یەکێک لە گرنگترین دۆزینەوە شوێنەوارییەکان دادەنرێ کە پەیوەندیی بە مێژووی جووەوە هەیە. نووسینەکە بە ئەلفوبێی عیبریی کۆن (پالیۆ-عیبری)یە و زانیاریی گرنگ لەبارەی ئەندازیاریی بیناسازیی سەردەمی شانشینی یەهوودا دەخاتەڕوو کە باوەڕ وایە مێژووەکەی بۆ سەردەمی حەزەقیا، پاشای یەهوودا دەگەڕێتەوە.
بەردەکە لە توونێلێک دۆزرایەوە کە ناوی (شیلۆم)ـە و ئاوی لە کانیی (سیلوان) یان (گیهۆن)ـەوە دەبردە نێو حەوزی (سیلۆم) کە دەکەوێتە نزیک مزگەوتی ئەقسا.
لە رێوڕەسمێکی کردنەوەی رێگەی نێوان کانی و حەوزەکە، بنیامین نەتەنیاهوو گوتی، لە ساڵی 1998 لەگەڵ مەسعود یڵماز، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی تورکیا کۆبووەتەوە و داوای تاشە بەردەکەی لێکردووە.
نەتەنیاهوو گوتی، ئەوکات یڵماز رەتیکردەوە ئەو بەردەمان پێبداتەوە، "چونکە ئەمە بەڵگەی ئەوەیە کە 2700 ساڵ پێش ئێستا ئۆرشەلیم شارێکی جوو بووە."
نەتەنیاهوو گوتی، تەنانەت دەستەوارەی ئەوەی پێشکێش کردووە، لەبری ئەو بەردە بچن لە مۆزەخانەکانی ئیسرائیل یەکێک لەو هەزاران پارچە شوێنەوارییانە هەڵبگرن کە بۆ سەردەمی عوسمانییەکان دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەوەش رەتکراوەتەوە.
نەتەنیاهوو گوتی: "بەڕێز ئەردۆغان، ئۆرشەلیم شاری ئێمەیە، شاری ئێوە نییە. ئەمە شاری ئێمەیە و هەر وەکو شاری ئێمەش دەمێنێتەوە، هەرگیز جارێکی دیکە دابەش ناکرێتەوە."
داواکاریی ئیسرائیل و رەتکردنەوەی تورکیا
لە ئەیلوولی 1998 نەتەنیاهوو داوای لە مەسعود یڵماز کرد بەردەکە بۆ ئیسرائیل بگەڕێننەوە، بەڵام رەتکرایەوە.
لە ساڵی 2007 ئوری لوپۆلیانسکی، سەرۆکشارەوانیی ئۆرشەلیم/قودس لەگەڵ نامیق تان، باڵیۆزی ئەوکاتی تورکیا لە ئیسرائیل کۆبووەوە و داوایکرد وەک "ئاماژەی نیازپاکی" بەردەکە بگەڕێننەوە، تورکیا داواکەی رەتکردەوە و گوتی: "موڵکی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییە."
ئەوکات عەبدوڵڵا گول، سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، دەکرێت تورکیا رێگەبدات بەردەکە لە ئۆرشەلیم/قودس پیشان بدرێت و بۆ ماوەیەکی کاتی لەوێ بێت؛ بەڵام هەرگیز هەنگاوێکی لەوجۆرەی نەنا.
ساڵی 2017 میری رێگێڤ، وەزیری رۆشنبیریی ئیسرائیل بە تەنزەوە گوتی، دوو فیل دەدەینە باخچەی ئاژەڵانی دیلۆک، لەبەرامبەردا بەردەکەمان بدەنەوە.
ئاداری 2022 ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل سەردانی ئەنقەرەی کرد. میدیای ئیسرائیل گوتی، تورکیا بە گەڕاندنەوەی بەردەکە رازی بووە. میدیای تورکیا گوتی، هەواڵەکە راست نییە، "ئەو بەردە لە رۆژهەڵاتی قودس دۆزراوەتەوە، واتا لە خاکی فەلەستین، بۆیە بە هیچ جۆرێک بۆ ئیسرائیل ناگەڕێنرێتەوە، کە لە چاوی تورکیا وەکو وڵاتی سێیەم سەیر دەکرێت."
مێژوو
توونێلی شیلۆم لە ساڵی 1838 لەلایەن شوێنەوارناس ئێدوارد رۆبنسن دۆزرایەوە، هەرچەندە لێکۆڵینەوە و گەڕانێکی زۆر باشی تێداکرد، بەڵام نەیتوانی بەردەکە بدۆزێتەوە کە بە دیوارەکەوە لکابوو و پیتەکانی سەری دیار نەبوون.
لە ساڵی 1880 قوتابییەکی تەمەن 16 ساڵ، بەناوی جەیکەب ئیلیاهو، کە لەو شارە دەژیا بەردەکەی دۆزییەوە بەڵام لێی نەکردەوە.
لە ساڵی 1890 دانیشتوویەکی شاری ئۆرشەلیم/قودس تاشە بەردەکەی لە توونێلەکە لێکردەوە و بەردەکە بۆ 6 یان 7 پارچە شکا و زیانی پێگەیشت.
ئەوکات ئیمپراتۆریەتی عوسمانی حوکمی ناوچەکەی دەکرد و ئیبراهیم حەقی پاشا، موتەسەڕیفی ئۆرشەلیم/قودس بوو. لە کۆتایی ساڵی 1890 بە رووداوەکەی زانی و بەگوێرەی یاسای عوسمانی، ئیمپراتۆریەتەکە حوکمی هەر شوێنێک بکات، خاوەنی هەموو شوێنەواریەکانیەتی. موتەسەڕیفەکە تاشە بەردەکەی رەوانەی ئیستەنبووڵ کرد.
چی لەسەر بەردەکە نووسراوە؟
بەهۆی زیانگەیشتن بە پیتەکان، خوێندنەوە و وەرگێڕانی دەقی سەر بەردەکە قورس بوو.
پرۆفیسۆری بەریتانی ئارچیباڵد سایجا بەم جۆرە وەرگێڕانی بۆ دەقەکە کردووە: توونێلەکە لەلایەن بەردتاشەکانەوە هەڵکەنرا. لەکاتێکدا ئەوان کار دەکەن، پیاوێک تەورەکەی لە دراوسێکەی بەرز دەکردەوە. تەنیا سێ باڵ بۆ بڕین مابوو کاتێک زانییان کەمێک لادان لە ڕووی بەردەکەدا هەیە. لەو رۆژەی توونێلەکەیان تەواو کرد، بەردتاشەکان لەبەردەم یەکدیدا تەورەکانیان پێکەوە کوتا. لە ئەنجامدا، ئاو لە سەرچاوەکەوە دەڕژایە ناو حەوزێکەوە کە 1,200 باڵ دوور بوو و بەرزیی سەرووی سەری بەردتاشەکان 100 باڵ بوو.
توونێلەکە بۆچی دروستکرا؟
شاری ئۆرشەلیم/قودس بەهۆی هەڵکەوتەکەی کە لەسەر چیا بوو، قورس بوو هێرشی بکرێتەسەر، بەڵام تاکە سەرچاوەی ئاوی لە کانیی گیهۆنەوە دەهات، کە لە دەرەوەی شارەکە بوو لە نزیک دۆڵی کیدرۆن.
پاشا حەزەقیا، ترسی ئەوەی هەبوو ئاشوورییەکان هێرش بکەنە سەر شارەکە و گەمارۆی ئاویان بخەنەسەر؛ بۆیە بڕیاریدا ئاراستەی ئاوەکە بگۆڕێت و توونێلێک دروستبکات بۆ ئەوەی ئاوەکە بە نێو توونێلەکە بگاتە دانیشتووانی شارەکە و بڕژێتە نێو حەوزی سیلۆم.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ