گیانلەدەستدان لە جەنگی ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی غەززە گەیشتە 5 هەزار و 618 کەس

20-10-2023
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و گرژییەکانی کەرتی رۆژئاوادا، 4 هەزار و 218 هاووڵاتیی فەلەستینی گیانیان لەدەستداوە و 13 هەزار و 162 کەسی دیکەش بریندار بوون. هەروەها لە ئەنجامی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و تەقاندنی مووشەکەکانیان، هەزار و 400 کەس لە ئیسرائیل گیانیان لەدەستداوە و 4 هەزار و 834 کەسی دیکە برینداربوون.
 
رۆژی هەینی، 20-10-2023، تەندروستیی کەرتی غەززە بڵاویکردەوە، لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە لانیکەم 4 هەزار و 137 کەس لەو ناوچەیەی فەلەستین گیانیان لەدەستداوە کە هەزار و 661یان منداڵ و 42 کەسیان کارمەندی تەندروستی بوون. دەشڵێت، لە 7ـی تشرینی یەکەمەوە 13 هەزار و 162 کەسیش هەر لەو ناوچەیە بریندار بوون. 
 
گرژیی کەرتی رۆژئاوای فەلەستینیشی گرتووەتەوە. بەگوێرەی بەرپرسانی تەندروستیی ئەو ناوچەیەی فەلەستین، لەو ناوچەیەش تاوەکو ئێستا 81 هاووڵاتیی فەلەستینی کە 20یان منداڵ بوون، کوژراون. 
 
شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و سوپای ئیسرائیلیش بووەتە هۆی ئاوارەبوونی نزیکەی یەک ملیۆن هاووڵاتیی كەرتی غەززە کە 527 هەزار و 500 کەسیان لە 147 پەناگەی ژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەمێننەوە.
 
هاوکات هەر ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی هێرشەکەی رۆژی 7ـی مانگی بزووتنەوەی حەماس و تەقاندنی مووشەکەکانی گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە، لەو رۆژەوە هەزار و 400 کەس لە ئیسرائیل کوژراون و 4 هەزار و 834 کەسیش بریندار بوون کە برینی 292 کەسیان سەختە. 
 
بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل، 200 بۆ 250 کەسیش چارەنووسیان دیار نییە کە زۆر رێی تێدەچێت لە هێرشەکەی 7ـی مانگدا رفێندرابن و ئاماژە بەوەش دەکات، "30 کەس لەوان تەمەنیان لە خوار 16 ساڵە؛ 10 بۆ 20 کەسیان تەمەنیان لە 60 ساڵ زیاترە".
 
جەنگی ئەمجارەی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە دوای ئەوە دەستیانپێکرد کە بەیانیی رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "شمشێری پۆڵاین"ی راگەیاند.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە