رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، شەڕی غەززە بە سێ قۆناخ تەواو دەکەن و ئێستا سەرقاڵی جێبەجێکردنی قۆناخی یەکەمن.
رۆژی هەینی، 20-10-2023، یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە پەرلەمانی وڵاتەکەی ناسراو بە کنێست قسەی بۆ ئەندامانی لیژنەی دەرەوە و بەرگریی پەرلەمان کرد و گوتی، "ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە غەززە لە سێ قۆناخ پێکدێت؛ قۆناخی یەکەم ئەوەیە کە ئێستا روودەدات و سوپای ئیسرائیل دەیەوێت بە هێرشی ئاسمانی، ژێرخان و هێزی حەماس لەنێوببات. لە قۆناخی دووەمدا هێرشە ئاسمانییەکان کەم دەبنەوە و تەنیا ئەوانە بە ئامانج دەگرین کە دەیانەوێت شەڕ و بەرگری بکەن. قۆناخی سێیەم و کۆتایی، قۆناخی تەواوبوونی بەرپرسیارێتیی سوپاکەمانە لە کەرتی غەززە و دامەزراندنی ئاسایشێکی نوێیە بۆ گەلی ئیسرائیل."
پێش هێرشەکەی گرووپی چەکداریی حەماس لە 7-10-2023، کەرتی غەززە بەشی زۆری پێداویستییەکانی وەک ئاو، کارەبا، سووتەمەنی و تەنانەت دەرمانیشی لە ئیسرائیلەوە پێدەگەیشت، بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی گرژییەکان، ئیسرائیل گەمارۆی تەواوەتی خستە سەر کەرتەکە.
غەززە لەگەڵ چوار شوێن سنووری هەیە؛ لەگەڵ ئیسرائیل کە تەلئەڤیڤ بە تەواوی دایخستووە؛ کەرتی رۆژئاوا و دەریای سپی نێوەڕاست کە لەژێر دەسەڵات و کۆنترۆڵی ئیسرائیلدان؛ خاڵی سنووریی رەفەح کە میسر و غەززە بەیەکەوە دەبەستێتەوە کە زۆرجار داخراوە. دوای گوشارێکی زۆری نێودەوڵەتی و دوایینجار لەسەر داوای تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی پێنجشەممە، 19-10-2023، ئیسرائیل، میسر و ئەمریکا رێککەوتن لەسەر کردنەوەی سنووری رەفەح و ناردنی پێداویستیی مرۆیی بۆ ناوچەکەی ژێر دەسەڵاتی حەماس.
ئێستا زیاتر لە 200 بارهەڵگر بە نزیکەی 3 هەزار تۆن هاوکارییەوە لە دەروازەی رەفەحن بۆ گەیاندنی خۆراک، ئاو و دەرمان بەو سەدان هەزار هاووڵاتییە سڤیلەی لە کەرتی غەززە گیریان خواردووە.
کەرتی غەززە دوو سەرچاوەی سەرەکیی کارەبای هەیە، ئەوانیش هێڵی گشتیی کارەبای ئیسرائیل کە لەژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیلدایە و وێستگەی کارەبای غەززە کە لە ژێر کۆنترۆڵی حەماسدایە. لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕ لە 7ـی تشرینی یەکەم، ئیسرائیل کارەبای لەسەر کەرتەکە بڕی، ئیدی غەززە پشتی بە وێستگەی شارەکەی بەست، بەڵام لەگەڵ تەواوبوونی سووتەمەنی، وێستگەکە لەکارکەوت. خەڵکی غەززە بۆ دەستکەوتنی کارەبا، موەلیدەی بچووک بەکاردەهێنن، بەڵام لەبەر داخرانی سنوور و نەچوونی سووتەمەنی، خەریکە موەلیدەکانیش بێسوود دەبن.
جەنگی ئەمجارەی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە بەیانیی رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "شمشێری پۆڵاین"ـی راگەیاند.
تاوەکو ئێستا لانیکەم 5 هەزار و 618 کەس لە هەردوولا کوژراون و 17 هەزار و 996 کەس برینداربوون. جگە لەوەی کە نزیکەی یەک ملیۆن کەس ئاوارە بوون و 200 بۆ 250 کەسیش چارەنووسیان نادیارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ