رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس بەردەوامە، ئەمەش دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل چەند هێرشێکی ئاسمانیی خوێناوی کردە سەر غەززە، کە وەک خۆی دەڵێت بەهۆی "پێشێلکاریی ئاشکرای" ئاگربەستەکەوە بووە لەلایەن حەماسەوە.
ترەمپ لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی مانەوەی ئاگربەستەکە، بە رۆژنامەڤانانی گوت: "بەڵێ، هێشتا ماوە." هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە رەنگە سەرکردایەتیی حەماس دەستی لە پێشێلکارییەکاندا نەبووبێت و هۆکارەکەی خستە ئەستۆی "هەندێک یاخیبووی نێو گرووپەکە."
ترەمپ گوتیشی: "بەڵام بە هەر جۆرێک بێت، ئەمە بە شێوەیەکی دروست چارەسەر دەکرێت. بە تووندی، بەڵام بە دروستی."
ئیسرائیل رایگەیاند، دوای ئەوەی رۆژی یەکشەممە پێگەکانی حەماسی کردە ئامانج، دەستی بە جێبەجێکردنەوەی ئاگربەستەکە کردووەتەوە، دوای ئەوەی گرووپەکەی تۆمەتبار کرد بە کردنە ئامانجی سەربازانی، کە بە گەورەترین رووداوی تووندوتیژی دادەنرێت لەوەتەی 10 رۆژ لەمەوبەر ئاگربەستەکە دەستیپێکردووە.
بەرگریی شارستانیی غەززە رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا لانیکەم 45 کەس لە ناوچە جیاجیاکانی کەرتەکە کوژراون.
ترەمپ هیواخواز بوو ئاگربەستەکە، کە خۆی یارمەتیدەر بووە لە نێوەندگیرییەکەیدا، بەردەوام بێت. ئەو گوتی: "ئێمە دەمانەوێت دڵنیابین لەوەی دۆخەکە لەگەڵ حەماسدا زۆر ئاشتییانە دەبێت."
گوتیشی: "وەک دەزانن، ئەوان کەمێک ئاژاوەگێڕ بوون. تەقەیان کردووە و ئێمەش پێمانوایە رەنگە سەرکردایەتی دەستی تێدا نەبووبێت."
پێش قسەکانی ترەمپ، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک هەوڵیدا لە قەبارەی تووندوتیژییە نوێیەکانی غەززە کەمبکاتەوە و بە رۆژنامەڤانانی گوت، لە ئاگربەستەکەدا "وەستان و دەستپێکردنەوە" دەبێت.
ڤانس گوتی: "حەماس تەقە لە ئیسرائیل دەکات. ئیسرائیلیش دەبێت وەڵام بداتەوە. بۆیە پێمانوایە باشترین چانسە بۆ ئاشتییەکی بەردەوام. بەڵام تەنانەت ئەگەر وابێت، هەر هەوراز و نشێوی دەبێت و دەبێت چاودێریی دۆخەکە بکەین."
ئاگربەستەکە کە لە 10ی تشرینی یەکەمەوە لە غەززە دەستی پێکرد، کۆتایی بە زیاتر لە دوو ساڵ جەنگی وێرانکەر هێنا کە تێیدا ئیسرائیل دەیان هەزار کەسی کوشت و زۆربەی هەرە زۆری غەززەی کردە داروپەردوو.
رێککەوتنەکە گۆڕینەوەی بارمتە و زیندانییەکانی لەخۆگرتووە. هەروەها نەخشەڕێیەکی بۆ داهاتووی غەززە دیاریکردووە. بەڵام جێبەجێکردنەکەی، رووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە.
ڤانس داوای لە وڵاتانی عەرەبیی کەنداو کرد "ژێرخانێکی ئەمنی" دابمەزرێنن بۆ دڵنیابوونەوە لە چەکداماڵینی حەماس، کە بەشێکی سەرەکییە لە رێککەوتنی ئاشتی.
ئەو گوتی: "وڵاتانی کەنداو، کە هاوپەیمانی ئێمەن، هێشتا ژێرخانی ئەمنیی پێویستیان نییە بۆ ئەوەی دڵنیا ببنەوە لەوەی حەماس چەک دەککرێت."
ڤانس رایگەیاند، "بە دڵنیاییەوە" لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەندامێکی ئیدارەی ترەمپ سەردانی ئیسرائیل دەکات بۆ چاودێریکردنی دۆخەکە.
ئەو ناوی کەسەکەی ئاشکرا نەکرد، بەڵام گوتی: "لەوانەیە من بم."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ