رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دایە بزووتنەوەی حەماس، ئەگەر پابەندی رێککەوتنی ئاگربەستی غەززە لەگەڵ ئیسرائیل نەبێت "ریشەکێش دەکرێت".
رۆژی دووشەممە 20ـی تشرینی یەکەمی 2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی پێشوازیکردن لە ئەنتۆنی ئەلبانیزی، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی گوت، "ئێمە رێککەوتنێکمان لەگەڵ حەماس کردووە کە ئەوان زۆر باش دەبن، پابەند دەبن، و ئارام دەبن."
ترەمپ هەروەها هۆشداری دا، "ئەگەریش وا نەبن، دەچین و ریشەکێشیان دەکەین، ئەگەر پێویست بکات. ئەوان ریشەکێش دەکرێن، خۆشیان ئەوە دەزانن."
لێدوانەکانی ترەمپ لە کاتێکدا بوون کە دوو لە نێردە باڵاکانی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کۆبوونەوە، ئەوەش دوای ئەوەی تووندوتیژییەکانی کۆتایی هەفتە هەڕەشەیان لە تێکدانی ئەو ئاگربەستە لەرزۆکە دەکرد کە سەرۆکی ئەمریکا نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر نێوەندگیریی تێدا کردبوو.
بەڵام ترەمپ پێداگریی لەوە کرد، هێزەکانی ئەمریکا دژی حەماس بەشدار نابن و گوتی، دەیان وڵات کە رەزامەندییان دەربڕیوە بۆ بەشداریکردن لە هێزێکی سەقامگیریی نێودەوڵەتی بۆ غەززە "حەز دەکەن بچنە ناوچەکە".
سەرۆکی یەمریکا گوتیشی، "سەرباری ئەوەش، ئیسرائیل هەیە کە لە ماوەی دوو خولەکدا دەچێتە ناوچەکە، ئەگەر داوایان لێبکەم بچن، بەڵام ئێستا ئێمە ئەوەمان نەگوتووە. دەرفەتێکی بچووکی پێدەدەین و بەهیواین تووندوتیژیی کەمتر بێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ