ژمارەی کوژراوانی غەززە گەیشتە 20 هەزار کەس

20-12-2023
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە نوێترین ئاماردا، تەندروستیی غەززە کوژرانی 20 هەزار کەسی بەهۆی شەڕەوە راگەیاند، کە بەپێی وەزارەتەکە 8 هەزار منداڵ و 6 هەزار و 200 ژنن، هەروەها دەڵێت، کە 52 هەزار و 600 کەسیش برینداربوون.
 
رۆژی چوارشەممە، 20-12-2023، تەندروستیی غەززە رایگەیاند، لانیکەم 20 هەزار کەس لە ئەنجامی شەڕی 75 رۆژەی نێو غەززە کوژراون.
 
تەندروستیی غەززە هەروەها رایگەیاند، لەو ژمارەیە 8 هەزار منداڵ و 6 هەزار و 200 ژن کوژراون، هەروەها زیاتر لە 52 هەزار و 600 کەسیش برینداربوون.
 
بەگوێرەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ملیۆنێک و 900 هەزار غەززەیی بەهۆی ئەو جەنگەوە ئاوارە بوون و زۆربەشیان لە دۆخێکی خراپدا دەژین. 
 
بەگوێرەی حکومەتی ئیسرائیلیش، تائێستا هەزار و 200 کەس کوژراون بەڵام تەنیا هەزار و 162 کەس ناسراونەتەوە و 33 منداڵیان تێدایە. ئەمە جگە لە برینداربوونی 5 هەزار و 400 کەس.
 
پێشتر حکومەتی ئیسرائیل رایگەیاندبوو، حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەر 240 کەسی بە بارمتە گرت. دواتر رۆژی 24-11-2023، ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە بە نێوەندگیریی قەتەر و میسر بۆ چوار رۆژ راگەیێندرا؛ دواتر دووجار درێژکرایەوە؛ جاری یەکەم 48 کاژێر و جاری دووەمیش 24 کاژێر.
 
لەماوەی ئاگربەستە حەوت رۆژییەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا 105 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانی ئازادکران و لە بەرامبەریشدا 240 زیندانیی فەلەستینی ئازادکران. بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، حەماس هێشتا 132 بارمتەی دیکەی لایە.
 
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی ئیسرائیل بڵاویکردوونەتەوە، 20 لەو بارمتانەی لەژێر دەستی حەماسدا بوون، گیانیان لەدەستداوە.
 
زیاتر لە نۆ هەفتەیە جەنگی نێوان گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل بەردەوامە. جەنگەکە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەم، حەماس ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "شمشێری ئاسنین"ـی راگەیاند، بەڵام دواتر بەرەی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و گرووپی جیهادی ئیسلامیش لە کەرتی غەززە چووە نێو شەڕەکە. تاوەکو ئێستاش هەوڵە نێودەوڵەتییەکان نەبوونەتە هۆی وەستاندنی جەنگەکە.
 
'گفتوگۆی جیدی' و 'ئامانجی شەڕ'
 
رۆژی چوارشەممە، 20-12-2023، جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا رایگەیاند: "گفتوگۆ و دانوستاندنەکانی ئاگربەستی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل زۆر جیدین و هیوادارین بەرەو ئەنجامێکمان ببات."
 
ئەم لێدوانەی کێربی لەکاتێکدایە، کە هەر ئەمڕۆ چوارشەممە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاگربەستی رەتکردەوە تاوەکو حەماس لە نێو غەززە مابێت. ئەو گوتی، "لە شەڕ ناوەستین تا هەموو ئامانجەکانمان کە دامانناوە بەدەستنەهێنین."
 
مەبەستی نەتەنیاهوو لە ئامانجەکانی، هەروەک خۆی باسی دەکات، بریتییە لە "لەنێوبردنی حەماس، رزگارکردنی هەموو بارمتەکان و کۆتاییهێنان بە هەڕەشەی غەززە."
 
نەتەنیاهوو هەروەها گوتی: "هێزەکانی ئیسرائیل لە هەموو لایەکەوە هێرش دەکەنە سەر حەماس." گوتیشی، ئیسرائیل نەک تەنیا هێرش دەکاتە سەر حەماس بەڵکو هێرش دەکەنە سەر هەموو هاوکارەکانیان لە نزیک و دوور.
 
ئەم قسانەی نەتەنیاهووش دوای ئەوە دێت کە ئیسماعیل هەنییە، سەرکردەی حەماس ئەمڕۆ چووە قاهیرەی میسر بۆ ئەوەی لەگەڵ عەباس کامل، سەرۆکی هەواڵگری میسر کۆببێتەوە و قسە لەسەر ئاگربەست بکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە