ترەمپ لەبارەی بەردەوامبوونی ئاگربەستی غەززە: دڵنیا نیم

21-01-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دڵنیا نییە لەوەی ئاگربەستی غەززە بەردەوام بێت، ئەمە وێڕای ئەوەی پێش دەستبەکاربوونی بانگەشەی ئەوەی دەکرد جەنگەکە دەوەستێنێت. 
 
رۆژی دووشەممە، لە کاتی گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، لە لایەن رۆژنامەڤانانەوە پرسیار لە ترەمپ کرا کە ئایا حەماس و ئیسرائیل پابەندی ئاگربەست دەبن یان نا؟ ترەمپ گوتی: "دڵنیا نیم." راشیگەیاند: "ئەوە جەنگی ئێمە نییە. بەڵام من دڵنیا نیم."
 
بەڵام ترەمپ پێیوایە، حەماس "لاواز کراوە." دەشڵێت: "سەیری وێنەی غەززەم کرد. غەززە وەک شوێنێکی گەورەی داڕماوە."
 
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەر جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاگربەست بەردەوامبێت، ئەوا غەززە بونیادنانەوەیەکی "ناوازە" بەخۆیەوە دەبینێت. 
 
ترەمپ گوتی: "غەززە دەکەوێتە شوێنێکی ناوازە لەسەر دەریا. باشترین کەشوهەوای هەیە. هەموو شتێکی باشە. دەکرێت هەندێ شتی جوانی لێبکرێت."
 
ئیسرائیل و حەماس رۆژی یەکشەممە دەستیان بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاگربەست کرد کە گوڕینەوەی بارمتە ئیسرائیلییەکان و بەندکراوە فەلەستینییەکان لەخۆدەگرێت. 
 
نەخشەی ئاگربەستەکە لە بنەڕەتدا لە ئایاری پار لە لایەن جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکاوە خرایەڕوو، دواتر لە سەروبەندی دەستبەکاربوونی ترەمپ، نێردەکانی هەردوو سەرۆک هەوڵەکانیان یەکخست بۆ رازیکردنی حەماس و ئیسرائیل بە جێبەجێکردنی. 
 
وێڕای ئەوەی ترەمپ پشتیوانی لە ئاگربەستەکە دەکات، رایگەیاندووە لە پشتیوانیکردنی ئیسرائی بەردەوام بێت. 
 
هەنگاوێکی یەکەمی ترەمپ وەک سەرۆک، واژۆکردنی بڕیارێکی سەرۆکایەتی بوو بۆ هەڵوەشانەوەی سزای ئابووری لەسەر جووە هاوردە توندڕۆکانی کەرتی رۆژئاوا کە لە لایەن ئیدارەی بایدنەوە بەهۆی هێرشکردنە سەر فەلەستینییەکان، بەسەریاندا سەپێنرابوون. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە