ئەحمەد شەرع پیرۆزبایی لە دۆناڵد ترەمپ دەکات؛ چاومان لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانە

21-01-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

روووداو دیجیتاڵ

ئەحمەد شەرع پیرۆزبایی لە دۆناڵد ترەمپ دەکات بە بۆنەی دەستبەکاربوونی وەکو سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هیواخوازە پەیوەندییەکانی دیمەشق و واشنتن بەرەو پێشەوە بچن.
 
رۆژی سێشەممە، 21ـی کانوونی دووەمی 2025، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی راگوزەری سووریا لە راگەیێندراوێکدا پیرۆزبایی لە ترەمپ کرد و گوتی: "دڵنیایین کە ئەو [ترەمپ] ئەو سەرکردەیەیە دەتوانێت ئاشتی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بهێنێت و سەقامگیری بۆ ناوچەکە بگەڕێنێتەوە".
 
سەرۆکی دەسەڵاتی راگوزەری سووریا دەشڵێت: "چاومان لەوەیە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتمان لەسەر بنەمای دایەلۆگ و لێکتێگەیشتن بەرەو پێشەوە ببەین."
 
پیرۆزباییەکەی شەرع لە ترەمپ لەکاتێکدایە، جگە لە بەریتانیا و ئەورووپا، ئەمریکاش بەهۆی کارەکانی حکومەتی پێشووی ئەو وڵاتە، ژمارەیەک سزای قورسی بەسەر سووریادا سەپاندووە. 
 
لە سەرەتای ئەم مانگەدا ئەمریکا بەشێک لە سزاکانی سەر دامەزراوە حکومییەکانی سووریای سووک کرد، ئەوەش بۆ ئەوەی بتواندرێت یارمەتی مرۆیی بەئاسانتر بگاتە نێو سووریا. 
 
سووریاش پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەمریکا کرد و داوای کرد هەموو سزاکانی سەری لاببات بۆ ئەوەی بتوانێت بەشێوەیەکی خێراتر ژێرخانی ئابووری وڵاتەکەی بەرەوپێشەوە ببات.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە