رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
لە کۆشکی شاهانەی مەسقەت، سوڵتان هەیسەم بن تاریق، سوڵتانی عومان لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا کۆبووەوە. وێنە؛ SANA / AFP
رووداو - هەولێر
بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا سەردانی عومانی کرد. ئەوەش دەبێتە یەکەم جار لەدوای زیاتر لە دەیەیەک لە شەڕی نێوخۆی وڵاتەکەی سەردانی ئەو وڵاتەی کەنداو بکات.
ئێوارەی رۆژی دووشەممە 20ـی شوباتی 2023، وەزارەتی دەرەوەی عومان لە راگەیێندراوێکدا گوتی کە لە کۆشکی شاهانەی مەسقەت، سوڵتان هەیسەم بن تاریق، سوڵتانی عومان لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا کۆبووەتەوە.
سەردانە یەک رۆژییەکەی ئەسەد و کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سوڵتان هەیسەم بن تاریق دوو هەفتە لەدوای بوومەلەرزەکەی 6ـی شوبات دێت، کە بووە هۆی ئەوەی بەشێکی وڵاتانی عەرەبی لەدوای دەیەیەک لە پەراوێزخستنی سووریا، چاوپۆشی لە ناکۆکییەکانی نێوانیان بکەن و هاوکاریی پێشکێشی وڵاتەکە بکەن.
وەزارەتی دەرەوەی عومان دەشڵێت، بن هەیسەم "جارێکی دیکە هاوسۆزیی خۆی بۆ سەرۆک و گەلی سووریا لەبارەی قوربانیانی بوومەلەرزەکە دەربڕی".
هەردوو سەرکردەکە، بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی عومان، باسیان لە کێشە هەرێمییەکان و پەیوەندیی دوولایەنی نێوانیان کردووە پێش ئەوەی "کۆبوونەوەیەکی داخراو" بکەن.
بەپێچەوانەوەی وڵاتانی دیکەی کەنداو، عومان پەیوەندیی دیپلۆماسییانەی لەگەڵ سووریا بە یەکجارەکی نەپچڕاندووە. لەو بارەیەوە، وەزارەتی دەرەوەی عومان دەڵێت، ئەسەد پەسنی رۆڵی "هاوسەنگی" عومانی کردووە لە ساڵانی رابردوودا.
عومان پێیوایە "دەبێت پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای رێزگرتنی دوولایەنە بەهێزبکرێن".
کۆمکاری عەرەبی لە ساڵی 2011ـەوە بەشداریی سووریای لە کۆمەڵەکە هەڵپەساردووە و بەشێکی وڵاتانی عەرەبیش، لەنێویدا سعودیە، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سووریا پچڕاندووە.
هەریەکە لە ئیمارات و بەحرێن لە ساڵی 2018دا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەتی ئەسەد ئاسایی کردەوە.
ساڵی رابردوو، ئەسەد سەردانی ئیماراتی کرد و ئەوەش بووە یەکەمین سەردانی لەدوای دەستپێکردنی شەڕی نێوخۆی سووریا.
رۆژی یەکشەممە، 19ـی شوباتی 2023، شازادە فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە لە کۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن گوتی، کۆدەنگییەک لە جیهانی عەرەبیدا هەیە سەبارەت بەوەی کە پەراوێزخستنی سووریا کارناکات و لە کاتی دیاریکراودا دانوستاندن لەگەڵ دیمەشق پێوستە، بۆ ئەوەی وەکو خۆی دەڵێت، هەر هیچ نەبێت کێشەی مرۆیی، لەنێویدا گەڕانەوەی پەنابەران چارەسەر بکرێن.
شازادە فەیسەڵ گوتیشی کە نەک تەنیا لەنێو ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو، بەڵکو لە جیهانی عەرەبیشدا "کۆدەنگییەک خەریکە گەشە دەکات بەوەی کە دۆخی ئێستا لەبارەی سووریا بێ ئاکامە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ